فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەسرە رای گەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم لە ناوچەی شەلەمچە، تەقاندنەوەیەك بۆ لەناوبردنی ژمارەیەك پاشماوەی جەنگی ئەنجام بدەن، هاوكات داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاگاداربن.
سۆمەرییە نیوز بڵاوی كردەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەسرە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە تیمە ئەندازیارییەكانیان ئەمڕۆ پێنجشەم، هەڵدەستن بە لەناوبردنی ژمارەیەك پاشماوە و تەقەمەنیی كۆنی جەنگی لە ناوچەی شەلەمچە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە پرۆسەی لەناوبردنەكە بەشێوەیەكی كۆنترۆڵكراو دەبێت و لە نێوان سەعات ٨:٠٠ بۆ ٩:٠٠ی بەیانی ئەنجام دەدرێت.
فەرماندەییەكە داوا لە هاووڵاتییانی ناوچەكە دەكات كە ئاگاداربن و تووشی دڵەڕاوكێ نەبن، دووپات دەكاتەوە كە ئەم كارە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گشتی و پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە پاشماوە مەترسیدارەكان.