سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، یەك لە بارەگا سەربازییەكانی حزبوڵایان لە باشووری لبنان بۆردمان كردووە. ئەو باڵەخانەیە مەدەنییە و حزبوڵا بۆ فەرماندەییەكی سەربازیی بەكاری هێناوە. بەتەواوی خاپوور كراوە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل كە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سوپاكە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو باڵەخانەیە فەرماندەییەكی حزبوڵای تێدا بووە لە كاتێكدا باڵەخانەیەكی مەدەنییە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشێكی ئاسمانیدا بەتەواوی خاپوور كراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە كە لە كاتی هێرشەكەیاندا، زۆر بە وریاییەوە بۆردمانی شوێنەكەیان لە باشووری لبنان كردووە، بە جۆرێك كەمترین زیان بە خەڵكی سڤیل بكەوێت.
دواتریش سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بوونی بارەگای سەربازیی حزبوڵا لەناو باڵەخانەیەكی مەدەنی، پێشێلكردنی روونی ئەو رێككەوتنەیە كە لە نێوان ئیسرائیل و لبناندا بۆ ئاگربەست كراوە، بۆیە ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی هەڕەشە بۆ سەر خاك و سوپاكەی، هەمیشە ئامادەی هێرشكردنە و لەناوبردنی هەڕەشەكانە.
لە 25ی مانگی ئەیلوول، ئیسرائیل هێرشی زۆر توندی كردووەتە سەر لبنان. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی كوژرانی زیاتر هەزار و 200 كەس و برینداربوونی زیاتر لە چوار هەزار كەسی تر، جیا لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەسی لبنانی بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەكە.
شەوی 27ی ئەیلوولیش حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنان لە بارەگای سەركردایەتییەكەیدا لە بەیرووت، كەوتە بەر هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە و خۆی و ژمارەیەك سەركردەی حزبەكەی كوژران. دوای كوژرانی نەسروڵا، ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كرد، ئەوەبوو لە یەكی تشرینی یەكەم بە سەتان مووشەكی بالیستیكی هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەك ئیسرائیل دەڵێ شكستی هێنا.
حزبوڵای لبنان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوەتەی جەنگی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە، وەك پاڵپشتی بۆ غەزە و دانیشتووانی، رۆژانە لە سنوورەكانی خۆی هێرشی دەكردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش وەڵامی دەدایەوە و بەردەوامیش هێرشی دەكاتە سەر، بۆیە توانیویەتی ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانی حزبوڵا و سەركردەكانی بكوژێت.
ئێستەیش كە حزبوڵای لبنان بەتەواوی لاواز بووە و زۆربەی سەركردەكانی لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون، رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لبنان چووەتە واری جێبەجێكردنەوە و ئێستە لەبری حزبوڵا، سوپای لبنان لەسەر سنوور كۆنترۆڵی لە دەستە. وێڕای ئەوەیش جارجارە ئیسرائیل هەندێك پێگەی سەربازیی حزبوڵا دەكاتە ئامانج كە پێی وایە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەكەی.