تایلەند ئامادەیە بۆ ئاگربەست و کامبۆدیایش بەردەوامە لە هێرشکردن

:: PM:06:51:25/07/2025 ‌
وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رای گەیاند، لە سەرەتاوە ئێمە بە ئاگربەست رازیبووین کە لەلایەن مالیزیاوە خراوەتەڕوو، هەروەها دووپاتیشی کردەوە هەر رێککەوتنێک پەیوەستە بە راگرتنی هێرشە بەردەوامەکانی کامبۆدیا بۆ سەر خاکەکەمان.

وەزارەتی دەرەوەی تایلەند ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25ى ته‌مووز، لە بەیاننامەیکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە تەواوی بە پێشنیاری ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا و سەرۆکی ئێستەی یەکێتیی "ئاسیان" رازین و گفتوگۆی لەسەر دەکەن.

هەر لە پۆستەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە، "مەرجی ئێمە ئاوایە، دەبێت ئەوە بگوترێت کە بە درێژایی رۆژ هێزەکانی کامبۆدیا بەردەوام بوونە لە هێرشکردن و نەوەستاون، هەر ئاگربەستێک دەبێت لەسەر بنەمای دۆخێکی گونجاوی مەیدانی بێت".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "تایلەند گرنگییەکی زۆر بە سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتییان دەدات و کردەوەکانی ئێستەی کامبۆدیا نیازپاکی پیشان نادات و کردەوەکانی هەڕەشەن لەسەر هاووڵاتییان" ئەوەیش نووسراوە کە حکوومەتی تایلەند ئەرکی پاراستنی سەروەری گەلەکەی لە ئەستۆدایە و پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت.

پێشتر هون مانێت سەرۆک وەزیرانی کامبۆدیا پشتیوانیی خۆی بۆ پێشنیازە مالیزییەکە راگەیاند بوو، دوای ئەوە راستەوخۆ مالیزیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە پاشگەزبوونەتەوە.


وشە - پێشەنگ مەحموود