ئەگەرچی بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە دۆخی ناوچەكە بەرگەی پەرەسەندنی زیاتر ناگرێت و سوپای ئیسرائیل دوای نزیكەی دوو ساڵ لە شەڕ شەكەت بووە و پێویستیی بە وەچان هەیە، بەڵام بەشەكەی تر پێیان وایە ئیسرائیل ئامانجەكانی هێشتا بەدی نەهێناوە، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران و میلیشیاكانی و ئێستە باشترین هەلە بۆ بەدیهێنانیان كە ئەوانی تەواو لاواز كردووە، بۆیەش سوپای ئیسرائیل بە بەردەوام ئیسرائیل وریا دەكاتەوە.
ئەمڕۆ شەموو دەستەی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا ئەمەریكا و ئیسرائیلی لە هەر هێرشێك لە دژی وڵاتەكەی وریا كردەوە بەوەی چیتر ددان بەخۆیاندا ناگرن، بۆیە با واز لە پلانداڕشتن لە دژی تاران بێنن، ئەگەر هەر هەڵەیەكیش لە حیساباتی ئەوان روو بدات، ئەوەی رێگر بوو لە وەڵامدانەوەیەكی فرەوان لە شەڕی رابردوو ئەوجارە نابێت و رووبەڕووی سوپرایزی نوێ دەبنەوە زۆر بەهێزتر لەوەی پێشوو.
بەم دواییە
عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی عێراق و لبنانی كرد و لەگەڵ میلیشیاكانی ئەو دوو وڵاتە كۆ بووەتەوە لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون، نەبیل عەزاوی شارەزای ستراتیجی دەڵێت، لە دوای ئاشكرابوونی پێكهێنانی شانەیەكی سێقۆڵیی هاوئاهەنگی لە نێوان ئێران و حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقییەكان، بە مەبەستی بەهێزكردنی بەرهەمهێنانی چەك و پڕچەككردنی ئەوان بە چەكی نوێ، دۆخەكە مەترسیدار بووە.
روونی كردەوە، ئەو پەرەسەندنانە لە چوارچێوەی زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دێن، بەتایبەتی لە دوای لێدوانەكانی بنیامین نەتنیاهۆ لەبارەی ئیسرائیلی گەورە و رەتكردنەوەی داماڵینی چەك لە لایەن سەركردەكانی حزبوڵای لبنانی، ئەوەش وای كردووە قۆناغی داهاتوو پڕ مەترسی بێت، عێراقیش لەو دۆخە دوور نییە و ئەگەر بكەوێتە ناو ئاڵۆزییەكان كاریگەریی مەترسیداری ئابووری و تەناهی دەكەوێتە سەر.