شێخ مووسا عەزیز ئەلخەلەف و ژنەكەی لە دێرەزوور كوژران و هەسەدەش 12 كەسی گرت

:: AM:08:47:17/08/2025 ‌
ماوەیەكە گرووپە چەكدارەكان ئەو عەرەبانەی نزیكن لە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر دەكەنە ئامانج، لە دێرەزوور شێخ مووسا عەزیز ئەلخەلەف یەكێك لە ڕیشسپیانی هۆزەكانی ئەلبوساڵح (بەگارا) و هاوژینەكەیان كوشت. هەسەدەش كێوماڵی ناوچەكەی دەست پێ كردووە.

شێخ مووسا عەزیز ئەلخەلەف، یەكێك لە گەورە ڕیشسپییەكانی هۆزی ئەلبوساڵح (بەگارا) لەگەڵ هاوژینەكەی لە هێرشێكی چەكداری گرووپە نەناسراوەكاندا كوژران.

بەپێی گوتەی شایەتحەكانی ڕووداوەكە، ئەلخەلەف و هاوژینەكەی لە كاتی گەڕانەوەیان لە شاری جەزا بۆ گوندەكەیان (ئەزمان) لە ڕۆژئاوای شاری بوخەشەبی كانتۆنی دێرەزوور، لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بەدەستڕێژی فیشەك كوژراون.

دانیشتووانی ناوچەكە دەڵێن، دوو كەس بە ماتۆڕسكیلكەوە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكە كردووە و بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، تا ئێستە هیچ كەس یان گرووپێك بەرپرسیارێتیی هێرشەكەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور سەربە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردەوە، لە شارۆچكەی غەرانیج ئۆپراسیۆنێكیان كردە سەر شانە نوستووەكانی داعش و 12 داواكراو و گومانلێكراوی پێوەندیدار بە گرووپەكەیان گرتووە. 
 
لە دوێنێ شەموو 16ـی ئابەوە هێزەكانی هەسەدە، كێوماڵی ناوچەكەیان دەست پێ كردووە، لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، ئۆپراسیۆنەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی ژنان كراوە. دەشڵێت، ئۆپراسیۆنەكە بۆ سەر شانەكانی داعش بووە كە لەمدواییانە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكە زیاد كردووە.
 
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا "12 گومانلێكراو و داواكراوی پێوەندیدار بە شانە نوستووەكانی داعش گیراون".
 
هەسەدە دەڵێت، "ئەوان پلانیان بۆ هێرشی تیرۆریستی دژی هێزە تەناهییەكان و  خەڵكی سڤیل و ناوەندە گرنگە تەناهییەكان ناوچەكە دانابوو". 
 
بەگوێرەی ئامارەكانی هەسەدە، 98 ئۆپراسیۆنی بۆ سەر پێگەكانی داعش كردووە و 17 كەسی لە رێكخراوەكە كوشتوون كە شەشیان سەركردە بوون. هەروەها 278 چەكداری داعشیان گرتووە، دەستیشیان بەسەر بڕێكی زۆر لە چەك و تەقەمەنیدا گرتووە. 
 



وشە - سۆران عەزیز