بۆ سەرۆک ڤلۆدیمیر زیلینسکیی، زۆر شت بەندە بەوەوە کە تا چەند دەتوانێ متمانە بە سەرۆک ترەمپ بکات؟ لە كاتێكدا سەرۆك ترەمپ دوێنێ دووشەم تەنیا دڵنیاییەکی ناڕوونی پێشکەش کرد بەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی دەبێت لە گەرەنتیکردنی پارێزراوی ئۆکراینادا، ئەگەر سەرۆكەكەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڤلادیمیر ڤی. پووتین سەرۆكی ڕووسیا بکات، بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
ترەمپ لە سەرەتای کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتیدا لەگەڵ زیلینسکی و شاندێکی سەرکردەكانی ئەوروپا لە کۆشکی سپی، گوتی. "ئێمە دڵنیا دەبینەوە كە کار دەکات، ئەوكاتەی بتوانین بگەین بە ئاشتی، ئەوا دەردەكەوێت کار دەکات و هیچ گومانم لەوە نییە."
کۆبوونەوەکە بە هەڵسەنگاندنی گەشبینانەی ئەوروپاییەکان و هەندێک پێشکەوتن بەرەو کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆكی ڕووسیا و ئۆكراین کۆتایی هات، لە شوێنێک کە هێشتا دیاری نەکراوە، بەڵام ئەو پرسیارەی ئایا دەکرێت متمانە بە ترەمپ بکرێت و لەسەر قسەی خۆی دەمێنێتەوە؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی هەڵوێستە بەردەوام گۆڕاوەکانی و هەستە ناجێگیرەکانی بەرانبەر ئۆکراینا و قەیرانە دیپلۆماسییەکانی تر، بە تایبەتی کاتێک باس لە دانوستانە گرنگەکان دێتە ئاراوە.
ئەمە پێشهاتێكی گەورەیە بۆ سەرکردەیەکی کاتی جەنگ وەک زیلینسکی کە گرەوی لەسەر بکات، بە تایبەتی کە وڵاتەکەی سێ ساڵ و نیوە لە جەنگێکدایە کە لەلایەن ڕووسیاوە بەسەریدا سەپێنراوە.
ویلیام بی. تایلۆر جونیۆر باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا، دەڵێ، "ئەوان تەنیا ئارەزووی دڵنیاییەکی گەرەنتیكراو ناکەن، تەنانەت ئارەزووی ئەوەیش ناکەن كە سەرۆک ترەمپ بڵێت، دەتوانن پشت بە من ببەستن، بگرە ڕازی نابن بە دڵنیاییەکی سیاسیش، چونكە ئەوە ئەو ئاسایشەیان پێ نادات کە پێویستیانە."
دوای کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو، زیلینسکی گوتی "لە گفتوگۆ لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەکان، داوای کردووە وڵاتەكەی بە بەهای 90 ملیار دۆلار چەکی ئەمەریکایی لە ڕێگەی ئەوروپاوە بکڕێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆکراینا بکڕێت". بەڵام ئەوەیشی دركاند كە "هێشتا پێویستە ڕێککەوتنێکی فەرمی بکرێت".
لەگەڵ ئەوەیشدا، گوتەكانی ترەمپ لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەکان، گۆڕانکارییەک بوو لە هەڵوێستی پێشووتریدا کە پاراستنی ئۆکراینا دەبێت تەنیا بە ئەوروپا بسپێردرێت. بگرە ئەوە تاكە گۆڕانکاریش نەبوو، ئەگەر بیرمان بێت هەر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرۆك ترەمپ هەڕەشەی "سزای توندی" کرد، ئەگەر پووتین ڕازی نەبێت بە "ئاگربەستێکی خێرا کە ئۆکرانیا داوای کردووە پێش هەر دانوستانێک لەبارەی ئاشتی هەمیشەیی". كەچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین لە ڕۆژی هەینی ڕابردوودا لە ئالاسکا، ئاڕاستەی قسەكەی خۆی گۆڕی و لایەنگریی پێشنیارەکەی پووتینی کرد بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیرتر، بەبێ پێویستیی "ئاگربەستی دەستبەجێ".
نیویۆرک تایمز
وشە