مەبەستی ئەمەریكا لە كشاندنەوەی هێزەكانی لە عێراق چییە؟

:: PM:11:07:26/08/2025 ‌

لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمەریكا كتوپڕ دەستی بە كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا لە عێراق بەرەو هەولێر كرد، راپۆرتێك باسی ئامانج و مەبەستەكانی واشنتن لەو هەنگاوەی دەكات، پێی واسە واشنتن رەچاوی هاوسەنگییەكان لە عێراق و ناوچەكە دەكات.

وەك ماڵپەڕی "geopolitical monitor"، باسی دەكات، بە رووكەش هەنگاوەكە وەك كشانەوە دەردەكەوێت لە راستیشدا خۆرێكخستنەوەیەكی تەكتیكییە بە مەبەستی بەهێزكردنی دەسەڵات و هەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكە، لەگەڵ كەمكردنەوەی مەترسییە تەناهی و سیاسییەكان.

پێدەچێت واشنتن بەر لەو هەنگاوە حیساباتی خۆی كردووە، لەپێشەوەیان مانەوەی بۆ چاودێریكردنی سووریا و ئێران، ئەوەش لە چوارچێوەی رێوشوێنێكی ئاڵۆزی جیۆسیاسی، كاتێك واشنتن هەوڵی دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆلادان لە پەرەسەنەدنی سەربازی و ئاڵۆزییە سیاسییەكان دەدات.

ئەمەریكا بەو هەنگاوە دەیەوێ چەند ئامانجێكی ستراتیجی بپێكێت، یەكەمیان پاراستنی هێزەكانی لە هێرشی میلیشیاكانی ئێران بۆ سەر هەردوو بنكەی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا بە مووشەك و درۆن، بۆیە بە بردنی هێزەكانی بۆ هەولێر ئەو مەترسییانە كەم دەكاتەوە، كە بەهۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ژینگەیەكی زۆر ئارامترە.

دووەم ئامانج بێبەشكردنی ئێرانە لە رێكلامی سەركەوتن، كاتێك بەهۆی هێرشی سەر بنكە سەربازیەیكانی ئەمەریكا لە عێراق باسی موقاوەمەكردنی ئەمەریكا دەكات، بۆیە بە كشانەوەی هێزەكانی لەو ناوچانە ئەمەریكا ئەو گوتارەی ئێران بەتاڵ دەكاتەوە لەگەڵ پارێزگاریكردن لە توانا سەربازییەكانی لە شوێنێكی ئارامتر.

جیا لەوانەی باس كران، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا گوشارەكانی سەر حكوومەتی عێراق كەمتر دەكاتەوە بە كۆتاهێنان بە بوونی ئەمەریكا لە عێراق، بەوەش سەركەوتنێكی شێوەیی بە حكوومەتی عێراق دەبەخشێت بەوەی كشاوەتەوە، كەچی هێزەكانی لە هەرێم، كە هاوپەیمانی واشنتنە، بێ هیچ توڕەییكی بەغدا لەوێوە دەتوانن چاودێریی عێراق و سووریا و ئێران بكەن، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە توانای پێشكەوتووی هەواڵگری و لۆجیستی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل