لە سلێمانییەوە... هێرشێکی توند کرایە سەر ئیسرائیل

:: PM:03:43:29/08/2025 ‌
لەمیانی پێنجەمین دیداری کۆنفرانسی هاوپەیمانیی دیموکراتی لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 29ی ئابی 2025 بە توندی هێرش کرایە سەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرانبەر فەڵەستینییەکان و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزی  تۆمەتبار کرا. هاوکات، داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی کورد و عەرەب کرا بۆ ئەوەی "لەگەڵیان بوەستن" و ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە ببنەوە.

لە دیدارەکەدا،  گوتاربێژان و پانێڵستانی دیدارەكە تیشکیان خستە سەر ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و ئەو پێشێلکارییانەی کە بەتایبەتی لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێن. بەشداربووان کە پێکهاتبوون لە د. محەمەد ئشتیە لە بزووتنەوەی فەتح، د. فەلاح جبوور لە حزبی سۆسیال دیموکراتی ئوردن، د. مستەفا بەرغوسی لە دەستپێشخەریی نیشتمانیی فەڵەستین و د. ئەحمەد مەجدەلانی لە بەرەی خەباتی گەلی فەڵەستین، دووپاتیان کردەوە کە "ئەوەی ڕوودەدات سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزییە، هاوشێوەی ئەوەی لە باشووری ئەفریقا پەیڕەو دەکرا."

پانێڵستان ئاماژەیان بەوە کرد کە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لەسەر ڕەوایەتیی دۆزی فەڵەستین هەیە، بەڵام تەنیا بووەتە لێدوانی میدیایی. هەروەها ئاماژەیان بە چەندین ئامار و زانیاری کرد سەبارەت بە قەبارەی وێرانکاری و پێشێلکارییەکان، کە بە بڕوای ئەوان لە دوای تیرۆرکردنی ئیسحاق ڕابین، سەرۆکی پێشووتری ئیسرائیلەوە دەستی پێ کردووە.

لە بەشێکی تری قسەکانیاندا، ڕەخنەیان لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی عەرەبی و  ئەمەریكا گرت و دووپاتیان کردەوە کە سیاسەتی نیشتەجێکردن و دەرکردنی عەرەبەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسی هاوپەیمانیی دیموکراتی لە جیهانی عەرەبیدا، دوێنێ پێنجشەم، لە شاری سلێمانی، دەستی بە کارەکانی کرد.


وشە - پۆڵا مەحموود