پەیەدە: ئەگەر لامەركەزی قبووڵ نەكرێت سەربەخۆیی رادەگەیەنین

:: AM:08:49:02/09/2025 ‌
پەیەدە لە نوێترین هەڵوێستیاندا بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق رایان گەیاند، ئەگەر لامەركەزی قبووڵ نەكەن، سەقفی داواكارییەكانمان بەرز دەكەینەوە و داوای سەربەخۆیی دەكەین.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، پەیەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، هەمیشە دووپاتیان لە لامەركەزی كردووەتەوە، بەڵام لەلایەن حكوومەتی دیمەشقەوە رەت كراوەتەوە و ئەمەش هەموو گفتوگۆكانی گەیاندووەتە بنبەست.

ساڵح موسلیم لەنوێترین لێدوانی بۆ راگەیاندنی رۆژئاوای كوردستان گوتی، ئەگەر دەسەڵاتدارانی دیمەشق لامەركەزی قبووڵا نەكەن، ئێمە كۆتایی بەو بیرۆكەیە دەهێنین و داوای سەربەخۆیی دەكەین.

ساڵح موسلیم رای گەیاند، ئەوەی سەیرە تا ئێستە شەرع و هاوبیرەكانی لامەركەزی بە جیابوونەوە دەدەنە قەڵەم، بەڵام ئەگەر سووربن لەسەر ئەو بیرۆكەیە، ئێمە بە رژدی جیابوونەوە دێنینە ئارا.

ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) ڕای گەیاند، پارتەكەی گەڕانەوە بۆ سیستمی لامەركەزی پێشنیار كرد و پێی وایە باشترین بیرۆكەیە بۆ داهاتووی وڵاتەكە. ئەو دەڵێت، ئێمە وەك كورد لەوە كەمتر قبووڵ ناكەین و دەرفەت نادەین جارێكی تر سووریای مەركەزی بێتەوە ئارا.

"ئەگەر دەسەڵاتی دیمەشق سیستمی لامەركەزی قبووڵ نەكات، ئەوا داوای سەربەخۆیی دەكەین"، ئەمە هەڵوێستێكی نوێیە لە زاری بەرپسانی پەیەدەوە رادەگەیەنرێت، بەڵام ئایا لەسەر ئەرزی واقیع ئەم داوایە ئەگەری جێبەجێكردنی هەیە، یان ئەو حزبە تەنیا وەك كارتێكی فشار بەكاری دێنێت تا بەرپرسانی دیمەشق بە لامەركەزی رازی بن.

موسلیم لەبارەی گفتوگۆكانەوە دەڵێت، بەردەوامییان هەیە بەڵام ئەنجامیان نەبووە. ئەو باسی لەوە كردووە كە بەهیچ شێوەیەك هێزەكانیان تێكەڵی هێزی حكوومەت ناكەن، دەبێت هەسەدە وەك پارێزەری ئەو ناوچانەی بەخوێن پاراستوویەتی بمێنێتەوە.

هاوكات ئەوەشی گوتووە كە مۆدێلی "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر" مۆدێلێكی لامەركەزییە، لە ناوچە جیاجیاكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پیادە كراوە و ئەنجامی تەندروستی هەبووە، بۆیە دەكرێت بۆ هەموو سووریا پێڕەو بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕۆژهەڵات (ORC) ڕایدەگەیەنێت، "تاكە ڕێگەچارە بۆ سووریا سیستمێكی لامەركەزییە"، دەشڵێت:" ئەمریكا پشتگیریی لەلامەركەزیی دەكات بەو جۆرەی  هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەیەوێت.

د.سەمیر تەقی لێكۆڵەرو ئەكادیمی سووری ‌رای گەیاند، "توركیا چیتر بەئاشكرا هێرشناكاتە سەر ڕۆژهەڵاتی سوریا". بیرۆكەی لامەركەزیش پێڕەو دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز