كەسایەتی و نووسەری ناسراوی پارێزگای دهۆك و دەڤەری ئامێدی ئیحسان ئامێدی رای دەگەیەنێ، ئەوەی كوردستان داوای دەكات سەربەخۆیییە نەك دابەشكردن و پارچەكردنی عێراق، چونكە باشووری كوردستان دەبوو بەر لە عێراقیش ببووایە بە دەوڵەت.
ئیحسان ئامێدی بە"وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كوردستانی گەورە و بە باشووری كوردستان دەناسرێ، دوای داگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانی و داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن زلهێزەكانی دنیا بە تایبەتی بەریتانیا و فڕەنسا، لەوكاتەدا هەرێَمی كوردستان بە چەند پاساوێكی بێ بنەما بە عێراقەوە لكێنرا و بەپێی رێككەوتنامەی سایكس-پیكۆ و پەیماننامەی لۆزان و سیڤەر، دەوڵەتێكی نوێ و ناعەدالەت بەناوی عێراق دروست كرا، تا ئەوكاتەش هیچ دەوڵەتێك لە دنیا و ناوچەكە بەناوی عێراقەوە نەبووە، بەڵكو ئەو دەوڵەتانەی لەو ناوچەیە هەبوون هەریەكە لە دەوڵەتانی ئەكەدی، ئاشووری، عەباسی، بابلی، مێرنشینەكانی بەغدا، مووسڵ، بەسرە و چەندانی تر هەبوون كە هەمووان عێراقی ئێستەیان لەخۆ دەگرت و پێی دەگوترا عێراقی عەرەبی كە دەكەوتە باشوور و عێراقی عەجەمی و ناوەڕاستی چیای حەمرین.
"بەڵام باشووری كوردستان ئەوكاتیش لەلایەن میرنشینە خۆماڵییە كوردییەكانەوە بەڕێوە دەبرا وەك میرنشینی بادینان، سۆران، ئەردەڵان و ئەوانی تر، تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم درێژەی هەبووە، ئەمە روونی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان بەر لە عێراق مافی خاوەندارێتی ناوچەكەی هەیە و دەبێت ئەو لە جیاتی عێراق سەروەریی ناوچەكە بكات و هیچ كاتێك باشووری كوردستان پارچەیەك نەبووە لە عێراق تا ئێستە داوای یەكپارچەیی عێراق بكرێت". ئامێدی وای گوت.
ئەو نووسەرە ناسراوەی بادینان دووپاتی دەكاتەوە، رەتكردنەوەی هەرێمی كوردستان و باشووری كوردستان بە عێراقەوە شتێكی چاوەڕوانكراوە و هەر دەبێت روو بدات، شۆڕشەكانی شێخ مەحموود، بارزان، ئەیلوول، گوڵان و سەرهەڵدانی بەهاری ساڵی 1991 بەڵگەی زیندوو و حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەن، لەبەر ئەوە شتێكی سەیر نییە جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، زۆر سروشتییە كە گەلی كوردستان لە باشووری كوردستان و هەرێمی كوردستان بڕیاری ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بدات بەبێ ئەوەی باس لە دابەشبوونی عێراق بكرێت".
ئامێدی دەڵێ كە نابێت ئێمە بترسین و دەبێت كۆڵ نەدەین بۆ ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنین. دووپاتی كردەوە كە مەبەستی هەرێمی كوردستان لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، دابەشكردنی عێراق نییە، بەڵكو بەدەستهێنانی ئەو مافەیە كە عێراق و زلهێزەكانی تر زەوتیان كردووە، بۆیە دەبێت گەلی كورد پێكەوە بەشداری ریفراندۆم بكەن و بڵێن "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی".
وشە/ ئامێدی- نەوزاد هلۆری