وەزیری دەرەوەی فڕەنسا: رێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس ددانپێدانانی هەمیشەیی فڕەنسایە بە برا کوردەکانمان

:: PM:08:06:05/09/2025 ‌
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئەیلوولی، رێڕەوی "پێشمەرگە" لە یەکێک لە پارکەکانی شاری پاریسی پایتەختی فڕەنسا کرایەوە. ئەم هەنگاوە وەک رێزلێنانێکە لە خەبات و قوربانیدانی جەنگاوەرانی کورد "پێشمەرگە".

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا، لە وتارێکدا بە بۆنەی کردنەوەی رێڕەوەکە رای گەیاند: "لەمەودوا رێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس دەبێت، فەرەنسا دانپێدانانی هەمیشەیی خۆی بە برا کوردە هاوسەنگەرەکانی دژی داعش دووپات دەکاتەوە" ئەمەش پەیامێکی روونە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەرێمی کوردستان.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانی فڕەنسا لەوانە ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و فلیپ گۆژۆ، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 15ی شارەکە، لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین و دیپلۆماتکار بەڕێوەچوو. سەرۆکی شارەوانیی پاریس لە بەیاننامەیەکدا پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو، کردنەوەی ئەم رێڕۆیە "وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرانی کوردە."

هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا کۆبووەوە. بارۆ لەبارەی کۆبوونەوەکی لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی نووسیویەتی: "لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرکردە مێژووییەکەیان، باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فڕەنسا، عێراق و کوردستانمان کرد"



وشە - پێشەنگ مەحموود