بەهۆی بەردەوامیی سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە و دەست پێ نەكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان، راپۆرتەكان هەواڵ و شارەزایان پێشبینیی گەڕێكی نوێی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەكەن، شەڕێكی سەختتر لەوەی پێشوو، لەو ناوەدا فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران داوای ئامادەسازی تەواو بۆ شەڕ دەكات.
لە سایەی
پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پێشبینییەكان، لیوا ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران داوای لە سوپای وڵاتەكەی كرد لەوپەڕی ئامادەسازیدا بن بۆ شەڕ، روونی كردەوە، لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوو تەواوی ئێران بە هێزە وشكانی و دەریاوانی و ئاسمانی و هێزەكانی پاڵپشتی و سوپای پاسداران لە ناو جەرگەی شەڕەكەدا بوون، بە هەموو هێز و توانایەك شەڕ و بەرگریان كرد بۆ ئەوەی ئێران بە سەربەرزی بمێنێتەوە.
روونی كردەوە، دۆسیەی ئەتۆمی پاساوی سەرەكیی دوژمان بوو بۆ ئەو شەڕە، كەچی ئەوەی لە گۆڕپانی شەڕ ئەنجامیان دا زۆر لەوەی دەیانگوت جیاواز بوو، دەركەوت دوژمن پلانێكی وردی لە دژی گەل و نیشتمان و سیستمی كۆماری ئیسلامی هەبوو، بەڵام بە سەركەوتوویی و سەربەرزی لێی دەرچووین، هاوكات ئیسرائیل لە گەیشتن بە ئامانجە سەرەكییەكانی لە شەڕەكە شكستی هێنا.
شایەنی باسە لە 13ی حوزەیرانی رابردوو ئیسرائیل هەڵمەتێكی ئاسمانی كردە سەر ئێران و لە ماوەی 123 رژدا دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران و زانا و شارەزای ئەتۆمیی ئێرانی كوشت، جیا لە بۆردمانكردنی دەیان ئامانجی ستراتیجیی ئابووری و سەربازیی ئەو وڵاتە، ئەمەریكاش لە كۆتایی شەڕەكە سێ وێستكەی سەرەكیی ئەتۆمیی ئێرانی وێران كرد.