دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە ناوەندگیریی وڵاتان، بەتایبەتی میسر و قەتەر و ئەمەریكا بەردەوامیی هەیە، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگ. ئیسرائیلیش دەڵێ، هەر سبەی جەنگی غەزە دێتە وەستان ئەگەر مەرجێك جێبەجێ بكرێت.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە ناوەندگیریی میسر و قەتەر و ئەمەریكا، گەیشتووەتە ئەوەی ئەگەری زۆر هەیە بەمزووانە بگاتە ئاستی وەستانی جەنگەكە. پێشتر دۆناڵد ترەمپ داوای لە حەماس كرد ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكات، جەنگەكە دێـتە وەستان. ئەمڕۆیش ئیسرائیل هەمان هەڵوێست رادەگەیەنێت.
ئەفیجدۆر لێبەرمان وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتی كردووەتەوە، ئەگەر حەماس بیەوێ جەنگەكە بەكۆتا بێت، پێویستە تەواوی بارمەتە ئیسرائیلییەكان ئازاد بكات، ئەوكات هەر سبەی جەنگی غەزە دێتە وەستان. ئەوە میدیای "قاهیرە بۆ هەواڵ" بڵاوی كردووەتەوە.
هاوكات ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە ئەوەشی گوت كە مەرجێكی تر بۆ وەستانی جەنگ، پێویستە ئەو بزووتنەوەیە چەكەكانی دابنێت.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 60 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 120 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
لە 15ی كانوونی دووەم، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی قەتەر، ئەمەریكا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دەبوو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام كێشە كەوتە ئاگربەستەكە و تا ئێستەیش هێرشی ئیسرائیل بەردەوامە و دۆخی ژیانی دانیشتووانی كەرتەكە لەوپەڕی خراپیدایە و برسێتی بە رژدی بەرۆكی گرتوون.