ترەمپ: بەزووترین كات جەنگی غەزە بەكۆتا دێت

:: AM:08:59:08/09/2025 ‌
دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی دۆخی جەنگی غەزە دوا هۆشداریی دایە بزووتنەوەی حەماس بۆ رێككەوتن، ئەمڕۆ حەماسیش رای گەیاند كە ئامادەی دانوستان و رێككەوتنە. بۆیە سەرۆكی ئەمەریكا گەشبینە و دەڵێت، بەزووترین كات جەنگ بەكۆتا دێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم هەشتی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس رای گەیاند كە ئامادەی دانوستان و رێككەوتنە، بەدوایدا وەڵامی ئەمەریكا هات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، بەزووترین كات لەبارەی دۆخی غەزە و جەنگەكە رێككەوتن دەكرێت و شەڕ بەكۆتا دێت.

ترەمپ دوای گەڕانەوەی لە پاڵەوانێتیی تێنس لە نیویۆرك، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، پێم وایە رێككەوتن لەبارەی غەزەوە دوور نییە و زۆریش نزیك بووەتەوە. ئەویش دوای ئەوە هات كە حەماس رای گەیاند كە لەگەڵ ناوەندگیرەكان گفتوگۆ دەكات تا رێككەوتنێكی هەمیشەیی بكرێت.

حەماس ئەوەش دەڵێ كە پێشتر بە پێشنیازی ئەمەریكا رازی بووبوو، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەبوو. دووپاتی كردەوە كە ئامادەی رێككەوتنە لەبارەی ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان و دیلە فەلەستینییەكان.

پێشتر ترەمپ دوا هۆشداریی دایە حەماس لەبارەی رێككەوتن و ئەگەر ئەمجارە نەیەتە پێشەوە و رێككەوتن نەكات، ئیتر هۆشداریی نادات، بەڵكو بۆ حەماس ئەنجامێكی وێرانكەری دەبێت.

لەبارەی جەنگی ئۆكرایناوە ترەمپ گوتی، سەركردەكانی ئەوروپا ئەمڕۆ سەردانی ئەمەریكا دەكەن و سبەی سێشەم، گفتوگۆ لەبارەی وەستانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا دەكرێت. ئەوەشی روون كردەوە كە بەزووترین كات قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دەكات.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 60 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 120 هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.

لە 15ی كانوونی دووەم، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی قەتەر، ئەمەریكا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دەبوو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام كێشە كەوتە ئاگربەستەكە و تا ئێستەیش هێرشی ئیسرائیل بەردەوامە و دۆخی ژیانی دانیشتووانی كەرتەكە لەوپەڕی خراپیدایە و برسێتی بە رژدی بەرۆكی گرتوون.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د