کۆتایی بە دیلییەکەی هات... ئەلیزابێس سورکۆف لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدایە

:: PM:11:53:09/09/2025 ‌
دوای نزیکەی 17 مانگ لە ڕفاندنی لە بەغدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە کەتائیبی حزبوڵای عێراق، ئەلیزابێس سورکۆف، توێژەری ئیسرائیلی و قوتابی زانکۆی پرینستۆنیان ئازاد کردووە. هاوکات، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئازادکردنەکەی گەڕاندەوە بۆ "هەوڵێکی گەورەی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان".

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەم نۆی ئەیلوولی 2025، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "خۆشحاڵم کە پێتان ڕادەگەیەنم ئەلیزابێس سورکۆف... تازە لەلایەن کەتائیبی حزبوڵاوە ئازاد کراوە و ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق سەلامەتە، دوای ئەوەی بۆ چەندین مانگ ئەشکەنجە دراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها نووسیوویەتی، "من هەمیشە بۆ دادپەروەری دەجەنگم و هەرگیز کۆڵ نادەم. ئەی حەماس، بارمتەکان ئازاد بکەن، ئێستا!".

لەلایەکی ترەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناسنامەی ئیسرائیلیی سورکۆف یان لایەنی ڕفێنەر بکات، ڕای گەیاند: وەک ئەنجامی هەوڵێکی گەورە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانمانەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ درا، ئازادکردنی هاوڵاتیی ڕووسی ئەلیزابێس سورکۆف ڕادەگەیەنین.

سورکۆف، کە توێژەرێکی ئیسرائیلی-ڕووسییە و لەدایکبووی ساڵی 1985/1986ـە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری 2023 لە بەغدا ڕفێندرا. ئەو کاتە، ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتی بۆ کەتائیبی حزبوڵای عێراق درێژ کردبوو.

سوودانی دووپاتی کردەوە، جارێکی تر دووپات دەکەینەوە کە سڵ ناکەینەوە لە جێبەجێکردنی یاسا و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، و ڕێگە نادەین هیچ کەسێک زیان بە ناوبانگی عێراق و عێراقییەکان بگەیەنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود