بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بوو. له ئه‌یلوولی 2022 پۆسته‌كه‌ی له ده‌ست دا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه بۆ ئایاری 2024 له 34 شوێنی جودا ده‌ركه‌وتووه و گوتاری داوه، له به‌رانبه‌ر گوتاره‌كانیش كۆی پێنج ملیۆن پاوه‌ندی به‌ریتانیی پێ دراوه.
دوێنێ سێشه‌م نۆی ئه‌یلوول، پێگه‌ی گاردیان به پشتبه‌ستن به چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دزه‌پێكراوی نووسینگه‌كه‌ی جۆنسن، چه‌ند زانیارییه‌كی نهێنی له‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌داره‌كه بڵاو كرده‌وه، له نێوانیاندا بڕی ئه‌و پاره بوو كه له سه‌رانسه‌ری دنیا وه‌ك ده‌ستحه‌قی گوتاردان وه‌ریگرتووه.
بۆ نموونه له نیودلهی له كۆنفرانسێكدا له‌سه‌ر پرسی سه‌ركردایه‌تی و له دانه‌یه‌كی تر له سه‌نگاپوور له‌سه‌ر پرسی دراوی ئه‌لیكترۆنی، هه‌روه‌ها له ئه‌بوزه‌بی له‌سه‌ر هایدرۆجینی سه‌وز، گوتاری داوه و بۆ هه‌ر یه‌كێكیان بڕی 350 هه‌زار دۆلاری وه‌رگرتووه.
هه‌ندێك له‌و چالاكییانه‌ی جێی گومانن. بۆ نموونه هاوینی ساڵی پار له كالیفۆرنیا بڕی 250 هه‌زار دۆلاری له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی پێ دراوه، به‌ڵام كاتێك سه‌رۆك وه‌زیران بوو یانه‌ی چێڵسی به چه‌ند خاوه‌ن پشكێك فرۆشتبوو كه كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كه یه‌ك له‌وان بوو.
هه‌ر له كاتی گوتاردان بۆ كۆمپانیاكه جۆنسن گوتبووی، "شانازی ده‌كه‌م كه رۆڵێكی بچووكم له فرۆشتنی چێڵسی به ئێوه بینیوه."
ئاساییه سیاسه‌تمه‌داران ئه‌زموونی سیاسیی خۆیان بۆ قازانجی كه‌سیی به‌كار بهێنن. تۆنی بلێر و تێریزا مه‌ی و لیز تروسیش وایان كردووه، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ی جۆنسن وه‌ریگرتووه جێی پرسیاره، ده‌ریشیخستووه پێگه‌كه‌ی بۆ سوودبینینی خۆی به‌كار هێناوه.