ئۆرسۆلا فۆن دێرلا‌ین سه‌رۆكی كۆمسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م رای گه‌یاند، به‌هۆی جه‌نگی غه‌زه به‌شێك له بازرگانییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ڵده‌په‌سێرێت. هه‌ڵوێستی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌وروپا له كاتێكدایه پێشتر یه‌كێك بوو له لایه‌نگرانی سیاسه‌ته‌كانی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ.
یه‌كێتیی ئه‌وروپا 27 ئه‌ندامی هه‌یه و له پرسی پاڵپشتیكردن له فه‌له‌ستینییه‌كان، یان ئیسرائیل جۆرێك ناكۆكی له ناو ئه‌ندامه‌كانیدا هه‌یه، دیار نییه ئه‌و داواكارییه‌ی سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌كه ده‌توانێت سه‌رنجی زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كان بۆ لای خۆی رابكێشێت یان نا.
سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌كه هه‌ر ئه‌مڕۆ باسی له دامه‌زراندنی گرووپێك له ژێر ناوی كۆمه‌كبه‌خشانی فه‌له‌ستین كردووه، كه له مانگی داهاتوودا ده‌ست به چالاكییه‌كانی ده‌كات و ئامانجیه‌تی به‌شێك له یارمه‌تییه‌كان بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی غه‌زه ته‌رخان بكات. ئه‌و گوتی رووداوه‌كانی غه‌زه ویژدانی دنیای هه‌ژاندووه.
به‌گوته‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی فه‌له‌ستین، ته‌نیا له 20 رۆژی رابردوودا له غه‌زه 126 كه‌س له برسا مردوون كه 26 كه‌س له‌وانه منداڵ بوون.
فۆن دێرلا‌ین داوای راگرتنی سیاسه‌تی برسیكردنی كرد كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه پێڕه‌و ده‌كرێت و گوتی، نابێت برسیكردن بكرێته چه‌ك، له پێناو منداڵان و له پێناو مرۆڤایه‌تیدا ئه‌مه ده‌بێت بوه‌ستێنرێت.
جه‌دعۆن سه‌عار وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپای پێ خۆش نه‌بووه و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نووسیویه‌تی، هه‌ڵوێسته‌كه به واتای ئه‌وه دێت كه به‌رپرسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له به‌رانبه‌ر ئه‌و گوشارانه‌دا چۆكی داداوه، كه ده‌بنه هۆی سستكردنی پێوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌وروپا و حه‌ماسیش رووقایمتر ده‌كات.