وڵاتى نیپاڵ، ڕۆژی چوارشەم بێ سەرکردە مایەوە، دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکانی دژی گەندەڵی و نایەکسانیی ئابووری بوونە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیران شارما ئۆلی و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا لە شەقامەکانی کاتماندووى پایتەخت.
ئەم خۆپێشاندانانە کە لەلایەن هەرزەکاران و گەنجانەوە سەرکردایەتی کران، بەربڵاوترین خۆپێشاندان بوون لە نیپاڵ لەوەتەی لە ساڵی 2008 بووە بە کۆماری دیموکراسی. هەندێک لە خۆپێشاندەران ڕۆژی چوارشەم لەسەر شەقامەکان مانەوە، سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ، لانیکەم 22 کەس گیانیان لەدەست دا، 19 کەسیان لە وەڵامێکی توندوتیژانەی هێزە تەناهییەکاندا کوژران.
لێرەدا ئەوەی دەبێت لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە بیزانیت:
قەدەغەکردنی سۆشیال میدیا فیوزەکەی داگیرساند
هەفتەی ڕابردوو، حکوومەتی نیپاڵ 26 پلاتفۆڕمی سۆشیال میدیای قەدەغە کرد، لەوانە واتسئەپ، فەیسبووک، ئینستاگرام و ویچات، دوای ئەوەی وادەی پابەندبوون بە مەرجە نوێیەکان وەک وەرگرتنی مۆڵەت و دیاریکردنی نوێنەری ناوخۆیی کۆتایی هات.
ئەم قەدەغەکردنە ترسی ئەوەی دروست کرد کە ڕەنگە قسەکردن بۆ 30 ملیۆن کەسی نیپاڵ سنووردار بکرێت و زیان بە گەشتوگوزار بگەیەنێت، کە پیشەسازییەکی سەرەکییە و کۆمپانیاکان پشت بە سۆشیال میدیا دەبەستن بۆ گەیشتن بە گەشتیاران، هەروەها بلاک ئاوتی سۆشیال میدیا نزیکەی دوو ملیۆن کرێکاری نیپاڵیی لە دەرەوەی وڵات لە خێزانەکانیان دابڕی. کە ئابووریی نیپاڵ زۆر پشت بە پارەی نێردراو لەلایەن ئەم کرێکارانەوە دەبەستێت.
تووڕەییەکە لە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ساڵانێک بوو گەشەیان دەکرد، بەتایبەتی خراپی دۆخی ئابووری و گەندەڵییە بەربڵاوەکە کە زۆرێک لە نیپاڵییەکان بە هۆکاری کێشەکانی وڵاتەکەیان دەزانن.
کەمپەینێکی سۆشیال میدیا کە بانگەشەی ئاشکراکردنی ژیانی شاهانەی منداڵانی چینی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی دەکرد، تووڕەیی لەناو خۆپێشاندەراندا زیاتر کرد، ڕوون نەبوو کە ئایا وێنەکانی ئەم کەمپەینە ڕاستی بوون یان ساختە، بەڵام هەموویان بوونە هێمای گەندەڵی لە نیپاڵدا.
ئاژاوەکە بە خێرایی پەرەی سەند
خۆپێشاندانەکان ڕۆژی دووشەم گەشەیان کرد کاتێک هێزە تەناهییەکان تەقەیان لە قەرەباڵغییەکی خۆپێشاندەرانی گەنج کرد کە بەرەو کۆمەڵگەی پەرلەمان ڕۆیشتبوون و ڕێگاکانیان گرتبوو، خۆپێشاندەران بەشێوەیەکی گشتی، پۆلیس بە ئەنجامدانی ئەو پێشێلکارییانە تۆمەتبار دەکەن.
لانیکەم 22 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە، 19 کەسیان لە کاتی توندوتیژییەکانی ڕۆژی دووشەمدا بووە
حکوومەت ڕۆژی سێشەم قەدەغەکردنی سۆشیال میدیای هەڵوەشاندەوە، بەڵام کەمترین کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئاژاوەکە هەبوو، خۆپێشاندەران ئاگریان لە نووسینگەکانی حکوومەت، دادگای باڵا و ماڵی سیاسەتمەداران بەردا. ئاگریان لە سینگا دوربار، کە شوێنی حکوومەتی نیپاڵییە بەردا، هەروەها زیانیان بە فڕۆکەخانە و هۆتێلەکان گەیاند، تا کۆتایی ڕۆژی سێشەم، سەرۆک وەزیران و چوار وەزیری تر دەستیان لەکار کێشایەوە.
گەورەترین کۆمەڵگەی میدیایی نیپاڵ دوو لە بڵاوکراوە دیجیتاڵییەکانی ڕاگرت، لەوانە کاتماندوو پۆست، دوای ئەوەی خۆپێشاندەران ئاگریان لە نووسینگەکانی بەردا، هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان گوتیان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە کراونەتە ئامانج.
سوپای نیپاڵ کۆتایی ڕۆژی سێشەم ڕای گەیاند، هێزەکانی بڵاوە پێ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی، قەدەغەی هاتوچۆ تا سەعات پێنجى ئێوارە، بە کاتی ناوخۆیی ڕۆژی چوارشەم سەپێنرا.
ئێستە هەموو چاوەکان لەسەر سوپان
ڕۆژی چوارشەم ڕوون نەبوو کێ نیپاڵ بەڕێوە دەبات، بێدەنگییەکی سەیر لە کاتماندوو هەبوو و هیچ ڕوونییەک لەبارەی ئەو ڕۆڵەی کە ڕەنگە سوپا لە دامەزراندنی حکوومەتێکی کاتیدا بیگێڕێت، نەبوو. هەروەها ڕوون نەبوو کە ئایا هیچ کام لە سەرکردە سیاسییەکان کە ڕۆژی سێشەم دەستیان لەکار کێشایەوە هێشتا لە وڵاتدان.
ڕۆژی چوارشەم، سوپا فەرمانی بە خەڵک کرد کە هەر چەک و تەقەمەنییەک لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا وەرگیرابێت، ڕادەستی بکەن. هۆشداریی دا لەبارەی ڕێکارگرتنەبەر دژی هەر کەسێک کە چەک و تەقەمەنی کۆ بکاتەوە.
لە کاتێکدا هەندێک چاوەڕوانی هەبوو کە سوپا پێوەندیی بە خۆپێشاندەرانەوە بکات، هەروەها سەرلێشێواوی هەبوو لەبارەی ئەوەی کێ نوێنەرایەتییان دەکات. تا ئێستە، هیچ سەرکردایەتییەکی ڕوون لەناو خۆپێشاندەراندا بەدی نەکراوە و داواکارییەکی ڕوونیش بوونی نییە.
نیویۆرک تایمز
وشە