هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: PM:10:47:10/09/2025 ‌

بڕٍیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ساز بكات، پەرلەمانتارێكیش ئاماژە دەكات كە دەنگ لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەیاسای ئابووری و خزمەتگوزاری دەدرێت، بەڵام یاسای نوێی حەشدی شەعبی تیادا نییە.

حوسێن سعبری ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی، یەكشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتن دەكاتەوە و دانیشتنەكان زیاتر یاساكانی پێوەندیدار بە كەرتی ئابووری و خزمەتگەزارییەكان دەگرێتەوە، كە راستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی خەڵكییەوە هەیە، لەوانە ئەو یاسایانەی گەیشتوونەتە ئاستی دەنگدان وەك یاسای كارتی سوور و وەبەرهێنانی پیشەسازی و ئەنجامدانی دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای تر، دووپاتی لەوەش كردەوە كە پەرلەمان دەیەوێ لە دانیشتنەكانی داهاتووی زیاترین یاسای گرنگ تێپەڕ بكات. 

شایەنی باسە پەرلەمانتارانی شیعە هەوڵی زۆریان دا یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، كە دووەم خوێندنەوەی بۆ كراوە و ئامادەیە، بەڵام بە گوشارەكانی ئەمەریكا و ترسی هێزە شیعەكان لە سزاكان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە هێزە شیعەكان كۆ دەكاتەوە، بڕیاری دا یاساكە لە پەرلەمان بكشێننەوە و بۆ خوڵەكانی داهاتووی پەرلەمان یان تا كاتی رازیكردنی ئەمەریكا لەسەری دوا بخرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل