لە نۆی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشێكی دوورمەودای ئاسمانی كردە سەر دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ و كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی بزووتنەوزەی حەماسی كردە ئامانج كە لە قەتەڕ دادەنیشن، لەو هێرشەدا ئیسرائیل 15 فڕۆكەی جەنگی بەكار هێناوە، ئەوان لە بنكەی ئاسمانیی نیفاتیم بەرەو دۆحە 2250 كیلۆمەتریان بڕیوە، فڕۆكەكان لە ئاسمان بەنزینیان پێ دراوە و زیاتر لە 10 مووشەكی وردپێكانیان گرتووەتە یەك ئامانج، ئەویش نووسینگەیەكی حەماس بووە.
شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئیسرائیل لەو هێرشە فڕۆكەكانی تارمایی لە جۆری " F-35I Adir " و " F-15I Ra'am "ی بەكار هێناوە، كە توانایان هەیە لە دەرەوەی سنوورەكانی قەتەڕ مووشەك ئاراستەی ئامانجەكانیان لە ناو ئەو وڵاتە بكەن، رەنگە ئەوەش هۆكارەكەی بێت كە سەرۆك وەزیرانی قەتەر رای گەیاند كە ئیسرائیل چەكی وای بەكار هێناوە رادارەكانمان ئاشكرایان نەكردووە.
شارەزایان باسی چوار سیناریۆ بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل دەكەن، واتە چۆنیەتی گەیشتنی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ ئامانجەكانیان لە دۆحە، یەكەمیان لە باشوور لە رێگەی ئاسمانی سعوودیە، كە باشترینیانە و ئاسمانی سعوودیە بۆ فڕۆكەكانی ئیسرائیل كراوەیە، دووەم رێڕەوی باكور لەسەر ئوردن و عێراق، كە ئەوانە تێپەڕبوون و فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە ئاسمانیان رەت دەكەنەوە، ئوردنیش بەكارهێنانی ئاسمانی لەو هێرشە رەت كردبووەوە.
سێیەم لە رێگەی فڕۆكەكانی بە ئاسمانی ئاوی نێودەوڵەتی لە كەنداوی عەرەبی یان مووشەكەكان لە ژێردەریایی لە ئاوی كەنداو هاوێشتراون یان لە رێگەی درۆنی دوورمەودا، چوارەم كە زیاتر باوەڕ پێكراوە، فڕۆكەكانی ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانی سووریا و عێراقەوە هێرشەكەیان ئەنجام دابێت، واتە لەو رێگەیەوە گەیشتوون بە ئاوی نێودەوڵەتی لە كەنداو و هێرشەكەیان ئەنجام داوە.