دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ ئەنجام دا و و كۆبوونەوەیەكی سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماسی كردە ئامانج، ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و دووپاتی لە هاوشانی و پاڵپشتیكردنی سیاسەتەكانی قەتەڕ و سەلامەتیی خاكەكەی كردەوە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دووپات لە گرنگیی هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە دەكەنەوە و بەردەوامیی هێرشە سەربازییەكان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دادەنێن، ئەوان دڵگرانیی خۆیان بۆ كەوتنەوەی قوربانی لە هێرشەكە پێشان دا و دووپاتیان لەوە كردەوە پێویستە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان گرنگی لەپێشینەی لە هەر شەڕێك هەبێت.
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش داوای ئازادكردنی تەواوی بارمتە و گیراوانیان كرد، لەوانەش كە لای بزووتنەوەی حەماسن، هەروەها كۆتاهێنان بە شەڕی غەزە، گوتیان، دەبێت ئەوانە لە پێشینەی كاری نێودەوڵەتی بێت، ئەوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵی ناوەندگیرانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی دەربڕی و داوایان لە ئیسرائیل و حەماس كرد بۆ قۆستنەوەی هەلەكە و گەیشتن بە ئاشتی و راگرتنی توندوتیژییەكان.