مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، ڕای گەیاند کە گەورەبوونی زیاد لە پێویستی قەبارەی دەوڵەت "گەورەترین هۆکارە" بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، و داوای بچووککردنەوەی دامەزراوەکانی حكوومەت و ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی کرد.
پزیشکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای ئەردەبێڵ گوتی: حكوومەت بەبێ داهاتی پێویست گەورە بووە و هەموو ئەوەی دەستی دەکەوێت بۆ خۆی خەرجی دەکات. کاتێکیش پارەی نامێنێت، پەنا بۆ چاپکردنی پارە دەبات کە دەبێتە هۆی هەڵاوسان.
سەرۆکی ئێران ددانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بۆ ساڵی 2025 دیاری کردبوون و گوتی، نەک هەر پێی نەگەیشتین، بەڵکو بەهۆی نەبوونی پلانی دروستەوە، زیاتر پاشەکشەمان کردووە.
پزیشکیان ڕەخنەی توندی لەو سیاسەتانەش گرت کە بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی ئاو و گوتی، پشکی هەر تاکێک لە ئاو لە تاران لە 6,890 مەتر سێجاوە بۆ 1,200 مەتر سێجا دابەزیوە، لەگەڵ قەیرانی قووڵ لە پارێزگاکانی وەک قەزوین و ئەسفەهان.
ناوبراو بە سەرسڕمانەوە گوتی، ئێمە لەسەر سامان خەوتووین، بەڵام کەمیی ئاو و کارەبا و سووتەمەنیمان هەیە. دەبێت بزانین بەرەو کوێ دەچین و ئەگەر پێویست بکات، بیر لە گۆڕینی شوێنی پایتەختیش بکەینەوە.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئێران داوای یەکخستنی فەرمانگە هاوشێوەکان و بچووککردنەوەی بیرۆکراسیی کرد و گوتی، ئامادەم زۆرێک لە فەرمانگە و دەستەکان دابخەم، نەک بۆ دەرکردنی فەرمانبەران، بەڵکو بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ دامەزراوەی تردا.