شەنگال لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە تەنراوە بەهێز و دۆخی ناوچەكە نائارامە

:: PM:01:06:13/09/2025 ‌
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە زیاتر لە 13 هەزار سەرباز و پۆلیس و چەكداری گرووپە جیاجیاكان، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە شنگال گەمارۆ دراوە، بەپێی زانیارییەكان ناوچەكە بووەتە مۆڵگەی هێز و بەردەوامیش ژمارەیان زیاتر دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە تەناهیی شنگالەوە دەستی "وشە" كەوتووە، جگە لە هێزەكانی سەربە پەكەكە زیاتر، لە 13 هەزار سەرباز و گرووپی چەكداری سەربە حەشدی شەعبی لە شنگالدا هەن.

سەرچاوەیەكی تەناهی بۆ "وشە" گوتی، تا دێت ژمارەی فیرقە و لیوا و فەوجە سەربازییەكان لەسەر سنووری  شنگال، لەناو گوندەكان و دەوروبەری زیاد دەبن. هەزاران ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەك و تەقەمەنی لە بنكە سەربازییەكانی شنگال جێگیر كراون.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، بیانووی حكوومەتی ئێستەی عێراق ئەوەیە گوایە ئەو سنوورە لەگەڵ سووریا نزیكە و بۆ خۆپارێزییە لە گەڕانەوەی داعش.

لە ئابی 2014 رێكخراوی داعش هێرشی كردە سەر شنگال، بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانی كوردی ئێزیدی لەو شارۆچكەیە ئاوارە بوون، زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان برد.

رێكخراوی داعش كۆمەڵكوژییەكی گەورەی لە شنگال ئەنجام دا و هەزاران كوردی ئێزیدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانكردنی تەواوی سنوورەكە.

دواتر لە 13/11/2015دا هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، توانی شنگال لە دەست چەكدارانی داعش رزگار بكات.

هەرچەندە حكوومەتی عێراق دواتر چەندان جار دابینكردنی بودجەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستە كارێكی ئەوتۆ لەو شارە نەكراوە و وێرانەكانی پاش داعش، وەك خۆیان ماونەتەوە.

رۆژی 14ی نیسانی ئەمساڵ، ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رای گەیاند، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان كردووە، لە چوارچێوەی بنیاتنانەوەی سنوورەكە و  گێڕانەوەی ئاوارەكان.

رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2020 حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لە پێناو گەڕاندنەوەی تەناهی و سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، رێككەوتنێكیان واژوو كرد، سەرەڕای داوای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تا ئێستە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە.

زیادكردنی هێز لە ناوچەكە وایكردووە خەڵكەكە بەتەواوی نیگەران بن و لە داهاتووی خۆیان دڵنیا نەبن، بەتایبەت هێزەكان لەو سنوورە جۆراوجۆرن و هەر هێزە و سەربە لایەكە، بەمەش نائارامی لە سنوورەكە زیاتر بووە و خەڵكی ناوچەكە وایان لێ هاتووە ئەوەی گەڕاونەتەوە، دیسانەوە ئارەزووی جێهێشتی ناوچەكەیان بكەن.

بەشی زۆری ئەو هێزانە، لەسەر خانوو و زەویی خەڵكی ناوچەكە بارەگەیان دامەزراندووە و بەتەواوی داگیریان كردووە، خەڵكی رەسەنی ناوچەكەیان لە خاكی خۆیان بێبەش كردووە.



وشە - سۆران عەزیز