ئۆجەلان حزبێكی نوێ دادەمەزرێنێت و پەروین بۆڵدان دەكاتە سەرۆك

:: AM:08:46:15/09/2025 ‌
شیكرەوەیەكی سیاسیی دیاری توركیا رای گەیاند، ئۆجەلان پارتێكی نوێ دروست دەكات و خۆیشی پرۆگرامی بۆ دادەنێت، بەئەگەری زۆرەوە پەروین بۆڵدان دەكاتە سەرۆكی پارتەكە.

لە بنكە توێژینەوەكان و دەزگا و دامەزراوە میدیاییەكانی توركیا، لێكۆڵینەوە و پێشبینی زۆر لەبارەی داهاتووی توركیا دەكرێت، بەشێكیان پێیان وایە چیتر ئەم توركیایەی كە 100 ساڵە بەیەك فۆرم بەڕێوە دەچێت، وەك خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانكاریی گەورە روو دەدات.

بەشی هەرەزۆری ئەو شیكەرەوانە ئاماژە بەوە دەكەن كە كورد لە توركیا دوای 100 ساڵ ئینكاریكردن، بەهێز و گوڕێكی نوێوە دێتەوە مەیدان و دەبنە دەنگی هەرە دیاری وڵاتەكە.

لە نوێترین شیكردنەوەی سەدات بۆزكورت رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، بانگەشەی ئەوە دەكات ئۆجەلان لە ئامادەكاریدایە بۆ دامەزراندنی پارتێكی نوێ كە ناوی "توركیا"ی پێوەیە، چونكە ئەزموونی پێشتری ناوی توركی لە پارتەكەی نەنا.

 بەشێكیش لە توێژینەوە كوردەكان دەڵێن، ئۆجەلان لە پەیامەكانیدا دیارە ئیتر كورد ناكاتە بابەتی سەرەكیی كاركردنی خۆی، بەڵكو لەناو پرۆسەیەكدا كە ناوی ناوە "كۆمەڵگەی دیموكرات"، كوردیش دەوری دەبێت، بەڵام پڕۆژەكە لەناو توركیا و بۆ پاراستنی توركیا كار دەكات.

سەدات بۆزكورت دوێنێ یەكشەم 14ـی ئەیلوول، نوێترین گوتاری خۆی بە ناوی "پارتەكەی ئۆجەلان بەڕێوەیە" لە ماڵپەڕی "Kısa Dalga" بڵاو كردووەتەوە، تیشك دەخاتە سەر گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی داهاتووی سیاسەتی كورد.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لەو گوتارەدا بانگەشەی ئەوەی كردووە، ئۆجەلان لە ئامادەكاریدایە بۆ دامەزراندنی پارتێكی نوێ كە ناوی "توركیا"ی پێوە دەبێت، هەر خۆیشی پێڕەو و پرۆگرامی پارتەكە دەنووسێتەوە و دەڵێت: "ئۆجەلان بەنیازە پەروین بوڵدان بكاتە سەرۆكی ئەو پارتە نەك سەڵاحەدین دەمیرتاش".

بۆزكورت باس لەوە دەكات، ئۆجەلان دڵخۆشە بەو گۆڕانكارییانەی لە سیاسەتی پارتە توندڕەوەكان هاتووەتە ئارا و پێی وایە، دەرفەتی كاركردن دەبێت تا جارێكی تر بەشداریی سیاسەت بكاتەوە و پێگەی خۆی لە وڵاتەكە بەهێز بكات.

ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: بەدامەزراندنی پارتە نوێیەكەی ئۆجەلان كە قۆناغێكی سەختی لە بەردەمدا دەبێت بەتایبەت لە رووی یاساییەوە، بەڵام دەم پارتی كۆتایی دێت و بەشی هەرەزۆری ئەندام و سەركردایەتییەكەی دەچنە ناو پارتەكەی ئۆجەلانەوە.

ئەو باسی لەوەش كردووە، پەكەكە كۆتایی هاتووە، لای ئۆجەلانیش دەمێكە كۆتایی هاتووە، ئەوەی رووی دا و ئەوەی بووە قوربانی لە مێژوودا دەمێنێتەوە، چونكە هەمووان لەو قۆناغە پەشیمانن، بۆزكورت دەڵێت: ئەگەر توركیا ئاسایی بێتەوە، پەكەكەش دەبنە بەشێك لە پارتە نوێیەكەی ئۆجەلان و لەناو توركیا كاری سیاسی دەكەن.

سەدات بۆزكورت لەدایكبووی ساڵی 1965 لە ئەنكەرە، یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسە دێرین و ناسراوەكانی توركیا كە بە شیكارییە سیاسییە قووڵەكانی و زانیارییەكانی پشت پەردەی سیاسەتی وڵاتەكەی ناسراوە، پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی توركیای وەرگرتووە و وەك مامۆستاش لە زانكۆی گازی وانەی گوتووەتەوە.




وشە - سۆران عەزیز