زیادكردنی بودجەی تەرخانكراوی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە مانای چییە؟

:: PM:08:41:15/09/2025 ‌

لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بۆ 2026، پارەی تەرخانكراو بۆ هێزی پێشمەرگە زیاد كراوە و ئەوەشی بۆ هێزەكانی عێراق تەرخان كراوە كەم كراوەتەوە، شارەزایان پێیان وایە ئەو كارە گۆڕانە لە ئاراستەی گرنگیدانی ئەمەریكا و حساباتە سەربازییەكانی بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان لەسەر حیسابی بەغدا.

بەپێی بودجەی 2026ی بەرگریی ئەمەریكا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان كراوە، واتە 4.7 ملیۆن دۆلار بە بەراورد بە ساڵی پار زیاد كراوە، ئەو پارەش 11.8 ملیۆنی بۆ چەك و 5.3 ملیۆن دۆلاری گولە و تەقەمەنی و 27.5 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێل و ئامرازی جەنگ و 17 ملیۆن دۆلاریش بۆ جلوبەرگ و كەرەستەی ترە.

هەرچی پاڵپشتیی داراییە بۆ هێزەكانی عێراقە لە 189.1 ملیۆن دۆلار لە 2025 بۆ 48.2 ملیۆن دۆلار لە 2026 كەم دەكرێتەوە، ئەوەش وەك چاودێران دەڵێن، بەهۆی متمانەی واشنتن و هاوپەیمانانە بە هەرێمی كوردستان و توانای پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی كێشە تەناهییەكان، لەناو بوونی بۆچوونێك بەوەی ئەمەریكا دەیەوێ هەرێمی كوردستان بكاتە ناوەندێكی سەرەكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە. 

كیفاح مەحموود توێژەر و راوێژكاری میدیایی سەرۆك بارزانی پێی وایە گرنگیدانی ئەمەریكا بە پەرەپێدانی یارمەتی و پاڵپشتییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەشێكی بەهۆی بێمتمانەیی واشنتن و ترسیەتی لە بەغدا، بەهۆی شێوانی دۆخی تەناهی و فرەناوەندی بڕیار لەناو هێزە تەناهییەكان و باڵادەستیی میلیشیاكان.

روونی كردەوە، ساڵانێكە ئەمەریكا و هاوپەیمانان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم كار لەسەر یەكخستنی هەردوو یەكەی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە دەكەن، چاكسازییەكانی ناو دەزگە تەناهییەكانی هەرێم وایان كردووە ئەمەریكا و هاوپەیمانان یەو دوو هێزە یەك بخەن و سێ فرقە لە هەردوو یەكە دروست بكەن و تەواوی پێویستی و كەرەستەكانیان بۆ دابین بكەن.

مەحموود ئاماژەی كرد، پەرەسەنەدنێكی گەورە لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە هەیە، ئەوەش مانای متمانەی واشنتنە بەو هێزە و كارەكانی لە بەرانبە ترس لە بەغدا، دووپاتی كردەوە بوونی میلیشیاكان لە ناو حەشدی شەعبی و دەرەوەی وای لە واشنتن كرد پاڵپشتییە داراییەكانی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق كەم بكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل