هەسەدە گرتنی داعشێكی مەترسیداری راگەیاند

:: AM:10:28:16/09/2025 ‌
هەسەدە گرتنی داعشێكی مەترسیداری لە شاری ڕەقە ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش كردووە كە بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنیش دەستی بەسەردا گیراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات – هەسەدە، لەبارەی گرتنی ئەو داعشە مەترسیدارە دەڵێت: دوای چەندان مانگ چاودێریكردنی وردی جووڵەكانی داعشێك بەناوی حەسەن جەفلی كە ناسراوە بە "ئەبو عەبدو‌"، لەلایەن هێزە تایبەتەكانمانەوە، توانیان دواجار حەشارگەكەی دەستنیشان بكەن.

دەشڵێن، تیمی تایبەتی ئۆپراسیۆنەكانمان، توانیان گەمارۆی ئەو ناوچەیە بدەن و دواجار ئەو ئەندامە چالاكەی داعش بگرن.

باس لەوەش كراوە، ئەو كەسە بەرپرسیاری دروستكردنی تەقەمەنیی تی ئێن تی بووە، بەسەر شانە نوستووەكانی داعشدا دابەشی كردووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو تەقەمەنییانە جگە لەوەی تایبەت بوون بە ئامانجگرتنی خاڵە سەربازییەكان و ناوەندەكانی هێزە تەناهییەكانی ناوخۆ، ئامادەش كرابوون بۆ بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێل و كۆبوونەوە مەدەنییەكان، بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی تیرۆر و دروستكردنی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كاتی هەڵمەتەكەدا دەست بەسەر 180 بلۆكی تی ئێن تی و ئامێری كۆنترۆڵ و سیمی تەقێنەر و سیستمی سووڕی ئەلیكترۆنیدا گیراوە، جگە لە ژمارەیەك ئامێری مۆبایل و بڕە پارەیەك.

لە كۆتایدا هاتووە، بەردەوام دەبین لە ئۆپراسیۆنە تەناهی و سەربازییەكانمان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.





وشە - سۆران عەزیز