ئۆجەلان رای گەیاند، ئامادەیە لە گرتووخانە بمێنێتەوە، بەڵام بەرەو ئەوروپا كۆچ نەكات، دەشڵێت ساڵانێكە سیاسەتی كۆچبەركردن دژی كورد بەكار دەهێنرێت.
شاندی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رای گەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ شاندەكەدا داوای كردووە، گەنجانی كورد كە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە، هەوڵی گەڕانەوە بدەن بۆ زێدی خۆیان و بەشداربن لە پاراستنی كولتوور و زمانی وڵاتەكەیان.
ئۆجەلان بە شاندەكەی گوتووە، پێویستە كار بكرێت بۆ هاندان لە پێناو گەڕانەوەی گەنجان و كۆچبەرانی كورد بۆ نیشتمانەكەیان، ئەوانەشی نیازی كۆچیان هەیە دەبێت بزانن كە هەوڵەكەیان لە زیانی وڵاتەكەیانە.
شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە كردووە، ئۆجەلان رەخنەی لە دانیشتووانی شارەكانی ئاگری و روحا و ئەو شارانەی باكوری كوردستان گرتووە كە شوێنی نیشتەجێبوونیان جێدەهێڵن و دەچنە شارەكانی توركیا، یان بەرەو ئەوروپا كۆچ دەكەن.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا ئۆجەلان رای گەیاندووە، پێویستە لەم قۆناغەدا گەنجان و كۆچبەرانی كوردی ئەوروپا، ئەركی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتەكەیان بۆ پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بكەن، گوتوویەتی ئامادەیە لە گرتووخانەی ئیمراڵی بمێنێتەوە، بەڵام روو لە ئەوروپا نەكات.
ئۆجەلان هەروەها باسی لەوە كردووە، پێویستە ئەو كوردانەی لە ئەوروپان، كولتوور، زمان و كۆمەڵگەی خۆیان بنیات بنێن.