دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا پلانەكەی خۆی بۆ ئاشتی لە كەرتی غەزە راگەیاند و چوار رۆژی خستە بەردەم بزووتنەوەی حەماس بۆ وەڵامدانەوە و رازی بوون بە پلانەكەی، ئەمڕۆ بزووتنەوەكە داوای هەمواركردنی هەندێك لە خاڵەكانی پلانەكەی ئەمەریكای كرد، هاوكات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی چۆڵكردنی شاری غەزە دەكات.
یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند كە سوپای ئیسرائیل لە گەمارۆدانی تەواوەتیی شاری غەزە نزیك بوونەتەوە و دووپاتی كردەوە كە هەر كەسێك لە شاری غەزە لە باكوری كەرتی غەزە بمێنێتەوە، وەك تیرۆریست یان پاڵپشت بۆ تیرۆر پۆلێن دەكرێت، ئێستە سوپای ئیسرائیل كۆنترۆڵی بەشی رۆژئاوای رێڕەوی نتساریم لە باشووری شاری غەزە تا كەناراوەكان دەكات، واتە غەزە بۆ بەشەكانی باكور و باشوور دابەش بووە.
كاتس روونی كردەوە، گەمارۆی سەر غەزە توند دەكەین و هەر كەسێك لە دانیشتووانی بیەوێ لە باشووری شارەكە بچێتە دەرەوە، دەبێت بە خاڵی پشكنینی سوپای ئیسرائیلدا تێپەڕ ببێت، ئەوەش دوایین هەلە بۆ دانیشتووانی شاری غەزە لەوانەی دەیانەوێ بەرەو باشوور بچن و چەكدارانی حەماس بەتەنیا لە شارەكە رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل جێبێڵن، بۆیە ئەوانەی دەمێننەوە بە تیرۆریست یان پاڵپشت بۆ تیرۆر پۆلێن دەكرێن.
لەوكاتەی كاتس دووپاتی كردەوە كە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە و سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە هێرشەكانی تا گەڕاندنەوەی تەواوی بارمتەكان و داماڵینی چەكی حەماس و كۆتاهێنان بە شەڕ، ئیسرائیل و ئەمەریكا چاوەڕوانی وەڵامی بزووتنەوەی حەماس بۆ پلانەكەی ترەمپ دەكەن بۆ ئاگربەست و ئاشتی لە غەزە، كە ئەمەریكا و ئیسرائیل و نەتەوە یەكگرتووەكان و تەواوی وڵاتانی دنیا و ناوچەكە پێی رازین و تەنیا حەماس و گرووپە فەلەستینییەكان ماون، بەپێی چەند سەرچاوەیەك حەماس بە میانگیرەكانی راگەیاندووە كە دەیەوێ هەندێك بڕگەی بۆ روون بكرێتەوە و هەندێك گۆڕانكاریش لە چەند بڕگەیەكی پلانەكەی ئەمەریكا بكات.