ئیسرائیل بەشێك لە پارەی شەڕەكانی لە كوێ دەست دەكەوێت؟

:: PM:08:39:01/10/2025 ‌

ئیسرائیل دەیان ساڵە لە شەڕدایە و ساڵانە بودجەیەكی گەورە بۆ بەرگری و چەك و هێز و پەرەپێدان و كڕینی چەك و توانا هەواڵگرییەكانی تەرخان دەكات، لە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 تا ئێستەش لە غەزە لە شەڕێكی مەیدانیدایە و هێرشی ئاسمانیش دەكاتە سەر لبنان و سووریا و یەمەن و پێشتریش شەڕێكی سەختی 12 رۆژەی لەگەڵ ئێران كرد، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ ئەو هەموو توانا داراییەی بۆ هەموو ئەو شەڕانە لە كوێ دەست دەكەوێت؟

لە راپۆرتێكی "عەرەبی جەدید"ی قەتەڕی باسی ئەو بابەتە دەكات، كاتێك رۆژنامەی "جیۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە 22ی ئەم مانگە رووناكی خستووتە سەر بابەتەكە و ناوی شەش ملیاردێری ئەمەریكی بە رەگەز جوو ئاشكرا دەكات، ئەوانن بە نهێنی پارە بۆ شەڕەكانی ئیسرائیل دابین دەكەن، ئەوانیش هەریەك لە جان كۆم و مایكل دیل و بیل ئاكمان و مارك بینیۆف و لاری ئیلیسۆن و مایكل بلومبێرگن.  

وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، ئەو شەش ملیاردێرە زیاترین پاڵپشتیی ئیسرائیل لە رووەكانی دارایی و ئابووری و تەكنیكی دەكەن، لە رێگەی دابینكردنی بەرنامەی پێشكەوتوو و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتوو بۆ سوپای ئیسرائیل، هۆكاری شاردنەوەی رۆڵی ئەوانیش لە میدیاكان ئەوەیە كە خاوەن و بەڕێوەبەری كۆمپانیای گەورەن و مامەڵەیان لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دنیا هەیە و ترسیان هەیە راگەیاندنی پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل كار لە بەرژەوەندیی  كۆمپانیا و بازاڕەكانیان لە دنیا بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل