له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانه 20 خاڵییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ غه‌زه، حه‌ماس و ئیسرائیل له شه‌رم شێخی میسر له دانوستاندان. به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، رێكخراوه چه‌كدارییه فه‌له‌ستینییه‌كه داوای لاشه‌ی یه‌حیا سنوار، كه به ئه‌ندازیاری هێرشی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر بۆ سه‌ر ئیسرائیل ناسراوه و محه‌مه‌د سنواری برای ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی وال ستریت جۆرناڵ ئه‌مڕۆ چوارشه‌م هه‌شتی تشرینی یه‌كه‌م، هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه و هاوكات ئاشكرای كردووه كه پێشتر ئیسرائیل ئه‌م داوایه‌ی حه‌ماسی ره‌ت كردبووه‌وه.
یه‌حیا سنوار له تشرینی یه‌كه‌می پار له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه كوژرا، برایه‌كه‌شی له ئایاری ئه‌مساڵ به هه‌مان چاره‌نووس ڕۆی.
به‌ده‌ر له‌و دوو كه‌سه، حه‌ماس داوای ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای فه‌له‌ستینی له ئیسرائیل كردووه، له ناویاندا عه‌بدوڵا به‌رغووتی، مه‌ڕوان به‌رغووتی، حه‌سه‌ن سه‌لامه‌ت و ئیبراهیم حامد.
ئه‌مه له كاتێكدایه هه‌ردوو نێرده‌كه‌ی تره‌مپ، ستیڤ ویتكۆف و جارید كوشنه‌ر، ئه‌مڕۆ گه‌یشتوونه‌ته شه‌رم شێخ و له دانوستاندنه‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس به‌شداریی ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كان، هه‌ردوولا سه‌ره‌تا به پرسه ساكاره‌كان ده‌ستیان به دانوستاندن كردووه و بابه‌ته ئاڵۆزه‌كانیان بۆ كاتێكی تر دواخستووه، یه‌كه‌م قۆناغی دانوستاندنه‌كه‌ش ئه‌رێنی بووه.