لەوكاتەی بڕیارە سبەی دووشەم لە شەرمولشێخی میسر رێوڕەسمی ئاگربەست لە كەرتی غەزە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و سەركردە و بەرپرسانی باڵای زیاتر لە 20 دەوڵەتی دنیات بێتە واژووكردن، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە شەڕ كۆتایی نەهاتووە.
هاوكات بڕیارە بەرەبەیانی سبەی دووشەم ئاڵوگۆڕكردنی بارمتە و گیراوە ئیسرائیلی و فەلەستینییەكان لە غەزە دەست پێ بكات و بارمتە زیندووەكانی ئیسرائیل كە ژمارەیان 20 بارمتەیە رادەست بكرێنەوە و ئیسرائیلیش نزیكەی هەزار گیراوی فەلەستینی ئازاد بكات.
نەتنیاهۆ لە وتارێكی بەر لە گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان رای گەیاند كە وڵاتەكەی سەركەوتنی گەورەی لە شەڕی حەماس لە غەزە بە دەست هێناوە، بەیەكەوە دنیامان تووشی سەرسڕمان كرد، لە هەر كوێیەك شەڕمان كرد سەركەوتوو بووین، بەڵام هێشتا شەڕ كۆتایی نەهاتووە.
روونی كردەوە، تا ئێستەش بەربەست و ئاڵنگاریی گەورەمان لەپێشە و هەندێك لە دوژمنەكانمان هەوڵی چاكبوونەوە و دووبارە هێرشكردنەسەرمان دەدەن، بەڵام چارەسەریان دەكەین. هیوادارین گەڕانەوەی بارمتەكان ببێتە هۆی یەكخستنی ئیسرائیلییەكان كە بەهۆی شێوازی ئیدارەدانی شەڕەكە دابەش بووبوون.
لای خۆیەوە ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی، بەهۆی گوشارەكانی سوپا و هەوڵە دەیپلۆماسییەكانی دوو ساڵی دوایی بەسەر حەماس سەركەوتین، لە جموجۆڵەكان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بۆ لەمەودوا كەرتی غەزە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتییانی.