وه‌ك پێشبینی كرابوو، پاكستان هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و تۆڵه‌ی به‌شێك له‌و زیانه‌ی كرده‌وه كه له رۆژانی رابردوودا له‌لایه‌ن تاڵیبان پێی كه‌وتبوو.
زه‌بیحوڵا موجاهید گوته‌بێژی حكوومه‌تی تاڵیبان رای گه‌یاند، له هێرشی پاكستان بۆ سه‌ر ویلایه‌تی قه‌ندهار له باشووری ئه‌فغانستان، لانی كه‌م 12 كه‌سی سڤیل كوژران و سه‌رووی 100 كه‌سی تر بریندار بوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه میدیاكانی پاكستان بڵاویان كرده‌وه، سوپای وڵاته‌كه‌یان له زنجیره هێرشێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا، ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی پاسه‌وانی و پشكنین، تانك و كه‌مپی راهێنانی سه‌ربازیی هێزه‌كانی تاڵیبانیان كردووه‌ته ئامانج.
به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ویلایه‌تی قه‌ندهار ئاماژه‌ی داوه كه له ئاكامی ئه‌و هێرشانه‌دا سه‌رووی 80 ژن و منداڵ بریندار بوون.
دوای ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ئاڵۆزییانه‌ی له نێوان ئه‌فغانستان و پاكستان سه‌ریان هه‌ڵدا و بوونه هۆی كوژرانی ده‌یان سه‌رباز، دۆخه‌كه دوێنێ هێمن بووبووه‌وه، به‌ڵام هیچ جۆره رێككه‌وتن و گفتوگۆیه‌ك له ئارادا نه‌بوو و وه‌زیری به‌رگریی پاكستان هۆشداری ئه‌وه‌ی دابوو هه‌موو ساتێك ئه‌گه‌ر هه‌یه شه‌ڕ ده‌ست پێ بكاته‌وه.
خاجێ ئاسف وه‌زیری به‌رگریی پاكستان دوێنێ گوتبووی، راسته ئێسته هیچ شه‌ڕێك له ئارادا نییه، به‌ڵام كه‌شه‌كه كه‌شی شه‌ڕه و چ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و چ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ تاڵیباندا نییه. ئه‌و روونی كردبووه‌وه كه هێزه‌كانیان له سنووری ئه‌فغانستان له ئاماده‌باشیدان .
سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان هێزه‌كانی پاكستان و تاڵیبان رووی دا، هه‌ردوو لایه‌ن یه‌كتریان به هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕه‌كه تۆمه‌تبار كرد.
ئه‌وكات تاڵیبان رای گه‌یاند، لانی كه‌م 58 سه‌ربازی پاكستانیان كوشتووه و 30 تریان بریندار كردووه، هاوكات نۆ سه‌ربازی تاڵیبان كوژراون و 18ی تر بریندار بوون. له به‌رانبه‌ردا پاكستان گوتبووی 23 سه‌ربازیان كوژراوه و توانیویانه 200 سه‌ربازی تاڵیبان بكوژن.
سه‌رۆك و به‌رپرسانی پاكستان رێبه‌رانی تاڵیبانیان به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، رێگه‌یان داوه گرووپه تیرۆریسته‌كان دزه بكه‌نه ناو خاكی پاكستان و ئاسایشی وڵاته‌كه بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه.
پاكستان وڵاتێكه كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمییه و ئه‌گه‌ر جه‌نگێكی گه‌وره له نێوانیان هه‌ڵبگیرسێت، له‌وانه‌یه كاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆیی به‌دواوه بێت.