دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەم سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدی هاوپەیمانی سیادە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شارۆكەی تارمییە لە دەوروبەری بەغدا لە رێگەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەی هاتە كوشتن، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە ئەنجامدەران خەڵكی ناوچەكەن و چاندنی بۆمبەكە لە ناو شارۆكەكە بووە.
دوای
رووداوەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لێكۆڵینەوەی لە دەزگا تەناهییەكان كرد، سەرچاوەیەكی نزیك لە لێكۆڵینەوەكان دووپاتی كردەوە كە دەركەوتووە ئەو لایەنەی لە پشت رووداوەكەیە خەڵكی ناوچەكەن و لە كامێراكانی چاودێری دەركەوتووە كە دانانی بۆمبەكە و نووساندنی بە ئۆتۆمبێلی مەشهەدانی لە تارمییە بووە، نەك لە بەغدا.
هەر بەپێی سەرچاوەكە بۆمبەكە دەستكردی ناوخۆیی بووە و بە سیسمێكی تەقینەوە لە رێگەی مۆبایلەوە بەستراوەتەوە، واتە لە رێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە تەقێندراوەتەوە، ئۆتۆمبێلەكەشی لە ناو شارۆكەكە هاتوچۆی كردووە بەر لە چوونی بۆ نووسینگەكەی و چێشتخانەیەك لە رۆژئاوای بەغدا كە تەقینەوەكە لەوێ رووی داوە.
بەپێی سەرچاوەكە لایەنە تەناهییە پێوەندیدارەكان وەك سەرەتا گەیشتوون بەو لایەنەی لە كوشتنی مەشهەدانی تێوە گلاوە، ئێستە رێوشوێنە تەكنیكی و یاساییەكان تەواو دەكرێن بۆ راگەیاندنی فەرمیی ئەو لایەنەی كارەكەی ئەنجام داوە، ئاشكرای كرد كە مەشهەدانی لەگەڵ گرووپێك كێشەی هەبووە كە ویستوویانە دەست بەسەر پارچە زەوییەك لە تارمیە بگرن، ئەوەش وای كردووە پێشبینی بكرێت كە هۆكاری سەرەكیی كوشتنی بێت.