ئەمشەو ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمەریكییەكەی بە تەلەفۆن چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد، بەتایبەتی پەرەسەندنەكانی شەڕی ئۆكراینا و هەوڵەكانی رێككەوتن و ئاگربەست، كۆشكی سپی رای گەیاند كە ئەنجامی پێوەندییەكە زۆر باش بووە و بڕیارە هەردوولا هەفتەی داهاتوو كۆ ببنەوە.
ئەمشەو دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەكە، ترەمپ لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، گفتوگۆیەكی زۆر بەرهەمدارمان ساز كرد و باسی چەند پرسێكی گرنگی نێودەوڵەتیمان كرد، سەرۆكی رووسیا پیرۆزبایی لە ئەمەریكا كرد بەهۆی ئەو دەستكەوتە گەورەی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە خەونێكی چەند سەتە وەسفی كرد.
ترەمپ پێی وابوو كە سەركەوتن لە دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی خێراكردنی گفتوگۆكانی كۆتاهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، لە پێوەندییەكە هەردوو سەركردە باسی بازرگانیی نێوان وڵاتەكانیان لە دوای كۆتاهاتنی تەنگژەی ئۆكراینا كرد، هەردوو سەرۆك لەسەر سازكردنی كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستێكی باڵا لە هەفتەی داهاتوو رێك كەوتن، واتە لەسەر ئاستی راوێژكاران و بە سەرۆكایەتیی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.
هەر لە پێوەندییەكە رێككەوتن كرا بۆ سازكردنی لووتكەیەك لە نێوان هەردوو سەرۆك لە بۆدابێست پایەتەختی هەنگاریا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كۆتاهێنان بە شەڕی بێسوودی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، ترەمپ باسی ئەوەشی كرد كە سبەی لە كۆشكی سپی چاوی بە ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا دەكەوێت و باسی ناوەڕۆكی پێوەندییەكەی لەگەڵ پوتین و بابەتی تریش دەكەن.