دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ سەرخستنی پلانەكەی بۆ ئاشتی لە كەرتی غەزە، كە تا ئێستە یەكەم قۆناغی بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت و تیایدا شەڕەكە وەستا و ئیسرائیل و حەماس بارمتە و گیراوەكانیان دەگۆڕنەوە و یارمەتییە مرۆییەكان دەگەن بە كەرتەكە، لە بەرانبەر هەندێك هەڵسوكەوتی حەماس لە دوای كشانەوەی ئیسرائیل لە بەشێكی غەزە ترەمپ هەڕەشە دەكات.
لە ماوەی دوایی حەماس ژمارەیەك كەسی لە ناو شەقامەكان لە غەزە گولەباران كرد و ژمارەیەكی تری گەمارۆ دا و ئەوانی كوشت و هەندێكیانی گرت، ئەمشەو
ترەمپ لە لاپەڕەی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس لە كوشتنی خەڵكی غەزە بەردەوام ببێت، هیچ بژارەیەكی ترمان نییە جگە لە چوون بۆ كوشتنی ئەوان و لەناوبردنیان.
گوشارەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، ئەو رێخۆشی بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی پلانەكەی دەكات بە رادەستكردنی حەماس بۆ چەك، دوێنێ ترەمپ رای گەیاند كە ئەگەر حەماس پابەندی رێككەوتنەكە نەبێت، ئیسرائیل لە ئاماژەیەكی ئەو دەست بە شەڕ دەكاتەوە.
سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەگەری هەیە بە وشەیەكی من ئیسرائیل دەست بە شەڕ بكاتەوە، ئەوە ئەگەر حەماس پابەندی رێككەوتنی ئاگربەستی غەزە نەبێت، ئاماژەی كرد، رزگاركردنی بارمتە زیندووەكان ئامانجێكی سەرەكی و گرنگ بوو، سەبارەت بە هەڵسوكەوتی دوایی حەماس بە كوشتنی ژمارەیەك فەلەستینی ترەمپ گوتی، بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین.
دوای واژووكردنی رێككەوتنی غەزە ترەمپ بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، قسەم لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس كردووە و ئەوان واز لە چەك دێنن، ئەو كارەش بە خێرایی دەكرێت و رەنگە بە زەبری هێز بێت، ئەگەر خۆیان ئەو كارە نەكەن ئەوە ئێمە ئەنجامی دەدەین.
ترەمپ دووپاتی كردەوە كە بزووتنەوەی حەماس بە داماڵینی چەكەكانی رازی بووە و ئەگەر پابەندی ئەو كارە نەبن خۆمان ئەنجامی دەدەین، ئەوان دەزانن كە ئێمە یاری ناكەین، بۆیە هەرچەند ئەو كارە زووتر بكەن باشترە، سەرۆكی ئەمەریكا باسی گولەبارانكردنی حەماسی بۆ ژمارەیەك چەكداری نەیاری كرد و گوتی، حەماس هەندێك ئەندامی باندەكانی لەناو بردووە و ئەوەش زۆر نیگەرانم ناكات.