زه‌ینه‌ب عه‌گله كه ژنه دیپلۆماتكارێكى عێراقه و له‌لایه‌ن هوتێلێكى ئوردن به دزینى خاولى و كه‌لوپه‌لى تر تۆمه‌تبار كراوه، له دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى روونكردنه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێ، "به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌و بابه‌ته بۆ ناوزڕاندنى من بڵاوكراوه‌ته‌وه".
هه‌ینى رابردوو به‌ڵگه‌یه‌ك له میدیاكانى عێراق بڵاوكرایه‌وه، به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌كه عومه‌ر به‌رزنجى باڵێوزى عێراق له ئوردن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ئاگادار ده‌كاته‌وه له‌وه‌ى زه‌ینه‌ب عه‌گله له‌لایه‌ن هوتێلێكى عه‌مانى پایته‌ختى ئوردن به دزینى خاولى و كه‌لوپه‌لى تر تۆمه‌تبار كراوه.
دواى هه‌فته‌یه‌ك زه‌ینه‌ب له دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى روونكردنه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێ، "من جلوبه‌رگم له هوتێله‌كه ديارنه‌ما بوو، پێوهنديیم به پرسگه كرد، ئاگادارم كردنه‌وه، ئه‌وانیش گوتیان ده‌گه‌ڕێین و دواتر گوتیان ژووره‌كه‌ت خاوێن ده‌كه‌ینه‌وه".
زه‌ینه‌ب دواتر له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاته‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و باس له‌وه ده‌كات ویستویه‌تى له عه‌مان سه‌ردانى پزیشك بكات، به‌ڵام له هوتێله‌كه بۆ ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبیلهكهى بردراوه. ئه‌و ژنه دووپاتى ده‌كاته‌وه كه ده‌ستى ئه‌نقه‌ست له‌و بابه‌ته هه‌یه و ده‌ڵێ، "به ئه‌نقه‌ست ئه‌و بابه‌ته هه‌ینى بڵاوكراوه‌ته‌وه، تا من فریاى خۆم نه‌كه‌وم، دواتریش له‌لایه‌ن ناسیاوم ئاگادار كراونه‌ته‌وه، ئه‌گینا به ته‌له‌فۆن و نووسراو من ئاگام له بابه‌ته‌كه نه‌بووه، كاتێك بابه‌تێكى وه‌ها هه‌بوو ده‌بووایه باڵوێز ئه‌رك بكێشێ و پێوه‌ندییم پێوه بكات، خۆ ژماره‌ى من له‌لاى ئه‌و هه‌بوو".