سوپای ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو ڕای گەیاند كە ژمارەیەك گومانلێكراویان گرتووە كە هەوڵیان داوە چەك و تەقەمەنی لە ناوچەی چیای شێخ لەسەر سنووری نێوان سووریا و لبنان بە قاچاخ ببەن.
سوپا لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی چالاكییەكی شەوانەی لیوای شاخەكانی 810 و بە هاوكاریی یەكەی 504، ژمارەیەك گومانلێكراو گیران كە هەوڵیان دەدا چەك و تەقەمەنی لە خاكی سووریاوە بۆ خاكی لبنان بگوازنەوە لە ناوچەی چیای شێخ.
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە گومانلێكراوەكان هەوڵیان داوە نارنجۆك، دەمانچە، مووشەكی دژە تانك و تەقەمەنی بە قاچاخ ببەن.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە گومانلێكراوەكان بۆ لێكۆڵینەوە ڕەوانە كراون و دەست بەسەر هەموو چەك و تەقەمەنییەكەدا گیراوە.