كەركووك.. پۆلیسێك بەهۆی قەرزارییەوە ئاگر لە خۆی بەردەدات

:: AM:09:44:19/10/2025 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای كەركووك رای گەیاند، شەوی رابردوو پۆلیسێك لە ناو ماڵەكەی ئاگری لە خۆی بەرداوە، باس لەوە دەكرێ كە هۆكاری كردەكەی قەرزاری بووە. تەندروستیی پارێزگاكەیش دەڵێت، رێژەی سووتاوییەكەی 70%یە و مەترسی لەسەر گیانی هەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 19ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، شەوی رابردوو پۆلیسێك لە گەڕەكی ئەسرا و مەفقودینی كەركووك، لەناو حەوشەی ماڵەكەیدا ئاگری لە خۆی بەرداوە، خەڵكی دەوروبەری فریای كوژانەوەی كەوتوون و بۆ نەخۆشخانە گشتیی شارەكە گوازراوەتەوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە هۆكاری هەوڵی خۆكوشتنەكەیش، بۆ قەرزێكی زۆر دەگەڕێتەوە كە پاڵەپەستۆی لەسەر بووە، بۆیە دۆخی دەروونی تێكچووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە.

باس لەوە دەكرێ كە پۆلیسەكە باوكی شەش منداڵە و لە یەكەی "كەی9" راهێنەر بووە. پزیشكانی نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك دەڵێن، رێژەی سوتاوییەكەی 70%یە و مەترسی لەسەر گیانی هەیە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د