لەوكاتەی توركیا هەوڵ و گوشارێكی زۆر بە ئاراستەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئاداری رابردووی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەكات، وەزیری دەرەوەی ئاماژە دەكات كە هەسەدە هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەناوە و دەبێت لە ناوچە عەرەبنشینەكان بكشێتەوە.
ئێستە ئەمەریكا رێگرە لە جێبەجێكردنی پلانەكانی توركیا و دیمەشق و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی سەربازی لە دژی هەسەدە، لەوكاتەی توركیا وریایی لە هەڵگیرسانی شەڕی هەسەدە و هۆزە عەرەبییەكان دەدات، ئەمڕۆ یەكشەم
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێك كە میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە گوتی، فرەوانخوازی و لەشكركێشیی ئیسرائیل بۆ خاكی سووریا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكییەكان چاودێریی بابەتەكە دەكەین.
روونی كردەوە، پرسی سووریا لای ئێمە پرسێكی گرنگی تەناهییە و هەر شتێك لەو وڵاتە رووبدات پێوەندیی بە سەلامەتیی خاك و ژیان و خوێنی هاووڵاتییانی توركیا هەیە، بۆیە پەیامی ئێمە لەوبارەوە زۆر روونە، دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ حكوومەتی سووریا هاریكارن پێوەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار لە نێوان دیمەشق و هەسە، كە تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بیسەلمێنێت كە دەستبەرداری ئەو ئەندامانە بووە كە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی توركیا دروست دەكەن.
فیدان ئاماژەی كرد، یەكەم هەنگاوی رێككەوتنی ئادار كە دەبێت جێبەجێ بكرێت، كشانەوەی هەسەدەیە لە ناوچە عەرەبنیشینەكان، كە ئەوەش تا ئێستە نەكراوە، بۆیە ئەگەر ئەوە روونەدات، ململانێی زۆر مەترسیدار دروست دەكات، لەبارەی بابەتی یەكخستنەوەی هێزەكانی هەسەدە و سوپای سووریا، ئەو بابەتە لە نێوانیان باس كراوە، بەڵام هیچ رێككەوتنێكی نووسراو لەبارەوە لە نێوانیان نەكراوە، هەسەدە هیچی لەبارەی نەهێشتنی تونێل و مووشەك و ئەندامە نەیارەكان بۆ توركیا پێشكەش نەكردووە.