دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم لە هێرشێكی چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس لە رەفەح ئەفسەرێك و سەربازێكی ئیسرائیل كوژران، فڕۆكە سەربازییەكانی ئیسرائیل 30 هێرشیان كردووەتە سەر كەرتی غەزە و ژمارەیەك چەكداری حەماسیان كوشت، ئێوارەی ئەمڕۆش هاتە راگەیاندن كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تا كاتێكی تر دەروازەكانی بە رووی كەرتی غەزە داخستووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ
میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە ئیسرائیل تا كاتێكی تر هاتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ كەرتی غەزە دەوەستێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی حەماسی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد.
باراك رافید پەیامنێری ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستەوە، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری داوە بە داخستنی تەواوی دەروازە سنوورییەكان بەرەو كەرتی غەزە و وەستانی هاتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ كەرتەكە لە وەڵامی پێشێلكردنی حەماس بۆ ئاگربەست.
ئەو بڕیارەی ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری كەرتی غەزە، هاوكات ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رێگرتن لە رووداوی تری شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس، كە رەنگە ببێتە هۆی شكانی ئاگربەست، كاتێك هانی ئیسرائیلی داوە بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی لە وەڵامدانەوە نەكات و ددان بەخۆیدا بگرێت، هاوكات هەریەك لە قەتەر و میسر و توركیا هەوڵی هاوشێوە دەدەن.