عەلی خامنەیی بۆ ئەمەریکا: پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران پێوەندی بە ئێوەوە نییە

:: PM:04:28:20/10/2025 ‌
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای شەش  هەفتە جارێکی تر لە کۆبوونەوەیەکی گشتی دەرکەوت و بە ئەمەریکییەکانی گوت پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران هیچ پێوەندییەکی بە ئێوە نییە.

رێبەری کۆماری ئیسلامی جگە لەو قسەیەی گوتیشی ئەگەر پێویست بکات ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی تر سوود لە مووشەکەکانی وەردەگرێت و بەکاریان دەهێنێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی عەلی خامنەیی ئەو قسانە لە کۆبوونەوەی رێبەر لەگەڵ کۆمەڵێک پاڵەوانی وەرزشی و ئۆڵمپیادە زانستییەکان گوتراون.

خامنەیی لە بەشێکی تری قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە قسەی بێ بنەما دەکات و ئاماژەی بە وتاری هەفتەی رابردووی ترەمپ لە ئیسرائیل کرد و گوتی ''بەگوتنی هەندێک قسەی پڕوپوچ  هەوڵی داوە هیوا بە زایۆنییە نائومێدەکان ببەخشێت و ورەیان بەرز بکاتەوە.''

رێبەری کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی قسەکانیدا وەڵامی ئەو قسەیەی ترەمپی دایەوە کە هەڕەشەی لە ئێران کردبوو ئەگەر هەنگاوی زیادەی ئەتۆمی بنێت ئەوا دیسان بۆردمانیان دەکات و گوتی ''هەر بەو خەیاڵەوە بژی، بەڵام ئێوە چکارەن کە لەم پێوەندییەدا دەبێ و نابێ دەڵێن ؟''

پێویستە بگوترێ دۆناڵد ترەمپ لە میانەی جەنگی 12 رۆژەدا گوتبووی عەلی خامنەیی لە مردنێکی زۆر سەرشۆڕانە رزگار کردووە.

خامنەیی لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە زۆر بە کەمی دەرکەوتووە و لە هەڵوێستە توندەکانی بەرانبەر بە ئەمەریکا و رۆژئاوا بەردەوام بووە. 


وشە - سلێمان تاشان