رۆبیۆ بۆ سوودانی: پێویستە چەكی میلیشیاكان دابماڵرێت

:: PM:09:51:21/10/2025 ‌

ئێستە ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەو مەبەستە گوشاری خستووەتە سەر لبنان و عێراق، ئەمڕۆ لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە سەرۆك وەزیرانی عێراقی راگەیاند كە پێویستە چەكی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بێتە داماڵین.

ئەمشەو ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، لەوانە تەواوكردنی گرێبەستە بازرگانییە ئەمەریكییەكان لە عێراق، هاوكات رۆبیۆ دووپاتی لە پێویستیی داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران كردەوە كە سەروەریی عێراق لاواز دەكەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا روونی كردەوە، میلیشیا عێراقییەكانی ئێران پاڵپشتییان دەكات، هەڕەشە لە ژیان و كاری ئەمەریكی و عێراقییەكان دەكەن و سامانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئێران تاڵان دەكەن، دووپاتی كردەوە كە واشنتن پابەندە بە كاركردن لەگەڵ عێراق لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل