هەڵبژاردنی عێراق دوا دەخرێت؟

:: PM:07:46:22/10/2025 ‌

رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە لە ژوورە داخراوەكان بدرێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە گرنگ و چارەنووسسازە بدرێت، بە گشتی تا ئێستە دیار نییە كە دەكرێت یان نا، ئەوەی هەیە وادەكەی دیاری كراوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەموو ئامادەسازییەكانی تەواو كردووە و پرۆسەكە لە قۆناغی بانگەشەدایە و بڕیارە لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بێتە سازكردن، بەڵام بۆچی گومان لە سازكردنی هەیە؟

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، قسە و باس و راپۆرتەكان باسی دابەشبوونی كارەكتەرە سەرەكییە سیاسییەكان لە عێراق لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە و ترسیان لە ئەنجامەكان و كاردانەوەی ئەمەریكا و وڵاتان لە ئەنجامەكەی هەیە، بەتایبەتی شەرعیەتدان بە پرۆسەكە لە سایەی بەشداریكردنی میلیشیاكان و ئەو بایكۆتە فرەوانەی دەنگدەران كە چاوەڕوان دەكرێت بۆ پرۆسەكە هەبێت. 

لەوكاتەی رۆژنامەی "عوكاز"ی سعوودی باسی دوو رەوت لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەكات لەبارەی بەڕێوەچوون و نەچوونی هەڵبژاردن، مەحموود حەیانی ئەندامێكی چوارچێوەكە دەڵێت، ئەو قسانەی باس لە بوونی رەوتێك دەكەن داوای دواخستنی وادەی هەڵبژاردن دەكەن راست نییە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی، بۆیە قسەكان لەبارەی بوونی ناكۆكی لەوبارەوە تەنیا بۆ شێواندنی دۆخەكە و زیادكردنی بێمتمانەیی خەڵكە. 

راپۆرتێكی رۆژنامەی "عوكاز"ی سعوودی ئاماژە دەكات كە ئێستە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر دوو بەش دابەش بوونە، یەكەمیان دەیەوێ هەڵبژاردنەكە بۆ مانگی ئایاری 2026 دوا بخرێت، ئەوەش بەهۆی ترسیان لە بەشداریكردنی قەوارە سزادراوەكان لە لایەن ئەمەریكا لە پرۆسەكە و بەدەستنەهێنانی دداننانی نێودەوڵەتی بەو هۆیەوە، بەشی دووەم، كە بریتین لە نووری مالیكی و ژمارەیەك سەركردەی میلیشیاكان، دواخستن رەت دەكەنەوە، چونكە وەك دەڵێن، كار لە شەرعیەتی سیستمی سیاسیی عێراق دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل