بەهۆی بڵاوكردنەوەی هۆنراوەیەكی كوردی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا درایە دادگا

:: AM:09:11:23/10/2025 ‌
بۆ یەكەم جار بەرپرسێكی گەورەی توركیا هۆنراوەیەكی كوردی خوێندەوە و دواتریش لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، ئەمەش ناڕەزایی شوێنكەوتووانی ئەتاتوركی لێ كەوتەوە و سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار كرد و پێیان وایە سووكایەتی بە تورك كراوە.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا كە سەرۆكی لیژنەی ئاشتی وڵاتەكەشە لە ئامەد، هۆنراوەیەكی كوردیی لە كاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوەكانی شارەكە خوێندەوە، ئەمەش لای شوێنكەوتووانی ئەتاتورك قبووڵكراو نییە.

كۆمەڵەی شوێنكەوتووانی ئەتاتورك بەناوی "ئادەدە"، دژی نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا هاتنە دەنگ و پێیان وایە، بەخوێندنەوەی هۆنراوەی كوردیی، سووكایەتی بەتورك كراوە، بۆیە سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار كرد.

كۆمەڵەكە لە سكاڵاكەیاندا دەڵێن، بەهۆی ئەوەی كورتوڵموش هۆنراوەیەكی كوردی خوێندووەتەوە و هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، لە هەژماری فەرمیی پەرلەمان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 301 لە یاسای سزادانی توركی و بە تۆمەتەكانی "سووكایەتیكردن بە گەلی تورك"، كۆماری توركیا و دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەكارهێنانی پۆستەكەی بەشێوەیەكی خراپ و پێشێلكردنی دەستوور، سكاڵای یاسایی لە دژی تۆمار دەكەن.

كۆمەڵەی شوێنكەوتووانی ئەتاتورك سكاڵاكەیان بە فەرمیی گەیاندووەتە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە ئەنكەرە، داوایان كردووە دۆسیەیەك لە دژی كورتوڵموش بكرێتەوە.




وشە - سۆران عەزیز