لە دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو خاڵی جێگیر هەن، ئەمەریكا پشتی ئیسرائیل بەرنادات و بە هیچ شێوەیەك فەلەستینییەكان نابنە خاوەن قەوارەیەكی سەربەخۆ كە ببنە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، دوێنێ كنێستی ئیسرائیل پاڵپشتی لە گرتنی بەری رۆژئاوا كرد، لەو ناوەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە بەڵێنی داوە نابێت ئیسرائیل كۆنترۆڵی بەری رۆژئاوا بكات.
ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەوانان گوتی، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس پابەندی رێككەوتنی ئاگربەست و ئاشتی لە غەزە نەبێت، رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبنەوە، ئەگەر ئەوان چەك دانەنێن، كە پێی رازی بوونە، دەبێت ئێمە ئەو كارە بكەین، من بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیم لە شەڕ وەستاند، كە رەنگە بۆ ساڵانێك بەردەوام ببوایە.
كاتێك لەبارەی سەردانیكردنی غەزە پرسیاری لێ كرا روونی كردەوە، بەڵێ ئەنجامی دەدەم، سەبارەت بە پلانی ئیسرائیل بە گرتنی بەری رۆژئاوا ترەمپ گوتی، ئەوە روونادات، چونكە بەڵێنم بە وڵاتانی عەرەبی داوە، ئیسرائیل ناتوانێت ئێستە ئەو كارە بكات، ئەگەر بیكات هەموو پاڵپشتییەكی ئەمەریكا لەدەست دەدات.
ترەمپ پێی وایە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لە نێوان سعوودیە و ئیسرائیل زۆر نزیكە و ریاز دەبێتە پێشەنگی رێگەكە بەرەو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی، پێم وایە ئەو كارە تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت، دووپاتی كردەوە كە هەردوو كێشەی غەزە و ئێران كۆتاییان هاتووە و كاتی دەست پێكردنی دەستەوارەیەكە لە ناوچەكە.