تا دێت گوشارەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا بۆ سەر رووسیا بۆ ناچاركردنی بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆكراینا زیاتر دەبێت، دوای سەپاندنی سزا بەسەر مۆسكۆ و وەستان لە كڕینی غازەكەی لە لایەن ئەوروپا و ئەگەری دانی پارە بلۆككراوەكانی بە ئۆكراینا، باسی ئەوە دەكرێت مووشەكی پێشكەوتوو بە كیێڤ بدرێت و رەنگە بۆ بۆردمانكردنی قووڵایی خاكی رووسیا بەكار بهێنرێت، بۆیە سەرۆكی رووسیا هەڕەشە دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا وریایی لە بۆردمانكردنی ئۆكراینا بۆ قووڵایی خاكی رووسیا دا بەوەی وەڵامێكی رژد و تێكشكێنەریان دەبێت، بۆیە هەر هێرشێكی لەو جۆرە پەرەسەندنێكی مەترسیداری شەڕە، دووپاتی كردەوە كە كەرتی وزە لە وڵاتەكەی سەقامگیرە و رۆڵی رووسیا لە هاوسەنگیی وزە لە دنیا زۆر گرنگە.
پوتین ئاماژەی كرد كە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی كاریگەریی هەڵوێستی رووسیایان لەسەر نرخی نەوت لە دنیا كردووە، لەوانەش لەسەر ناوخۆی ئەمەریكا، بۆیە هەر كەمبوونەوەیەكی قەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراوی رووسیا لە بازاڕەكان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی زۆری نرخی نەوت، ئاشكرای كرد كە سزا نوێیەكانی ئەمەریكا هەوڵێكە بۆ گوشاركردن لە رووسیا، هیچ وڵاتێكی خاوەن رێز نییە بە گوشار شت بكات، بۆیە ئەو سزایانە كار لە ئابووری رووسیا ناكەن.
لەو كاتەی هەینی رابردوو ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا و شاندێكی باڵای وڵاتەكەی سەردانی ئەمەریكایان كرد بۆ تاوتوێكردنی بابەتی پێدانی چەكی پێشكەوتوو بە ئۆكراینا، لەوانە مووشەكی تۆماهۆك، ئەمڕۆ پێنجشەم یەكێتیی ئەوروپا بە فەرمی رای گەیاند كە نۆزدەمین پاكێجی گەمارۆیان لەسەر رووسیا، بەهۆی جەنگی ئۆكرایناوە سەپاند كە چەند بابەتێك لەخۆ دەگرن، لە ناویاندا قەدەغەی هاوردەكردنی غازی شل، هەروەها یەكێتیی ئەوروپا رای گەیاند كە سەركردەكانی ئەوروپا، خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكن بۆ پێدانی 140 ملیار یۆرۆ بە ئۆكراینا، پارەكەش لە پارە بلۆككراوەكانی رووسیا لە ئەوروپا دەدرێت.