لە هیندستان.. 20 كەس لەنێو پاسێكدا بە زیندوویی سووتان

:: AM:10:51:24/10/2025 ‌
سەرچاوەكان لە هیندستان ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند، 20 كەس لە ویلایەتی ئاندرا پرادیش گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی پاسەكەیان لە ماوەی چەند خولەكێكدا بە تەواوی سووتا.

سەرچاوەكان گوتیان، ڕووداوەكە كاتێك ڕووی داوە كە ماتۆڕسكیلێك خۆی بە تانكی سووتەمەنیی پاسەكەدا كێشاوە، كە بووەتە هۆی تەقینەوەیەكی گەورە و بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگر بە تەواوی پاسەكەدا.

ئەوەشیان خستەڕوو، پاسەكە سەر بە كۆمپانیای "كافێری تراڤڵز" بووە و نزیكەی 44 سەرنشینی تێدابووە، كاتێك لە ڕێگای حەیدەرئابادەوە بۆ بەنگالۆر ڕۆیشتووە، لەسەر ڕێگای خێرا لە نزیك شاری كۆرنواڵ تووشی ڕووداوەكە بووە.

بەپێی گوتەی پۆلیس، ماتۆڕسكیلەكە لەژێر پاسەكەدا گیر بووە و خۆی بە تانكی سووتەمەنییەكەدا كێشاوە، ئەمەش یەكسەر بووەتە هۆی تەقینەوە و ئاگركەوتنەوەی پاسەكە.

لەلایەكی ترەوە، شایەتحاڵان گوتوویانە زۆربەی سەرنشینەكان لە كاتی ڕووداوەكەدا خەوتبوون، هەرچەندە هەندێكیان بە دەنگی تەقینەوەكە بەخەبەر هاتوون و توانیویانە پەنجەرەكان بشكێنن و خۆیان فڕێ بدەنە دەرەوە، بەڵام زۆرێكی دیكەیان لەنێو پاسەكەدا گیریان خواردووە و نەیانتوانیوە ڕزگاریان بێت.

شایەتحاڵەكان ڕوونیان كردەوە كە گوێیان لە هاواری ترسناكی داواكردنی یارمەتی بووە پێش ئەوەی ئاگرەكە پاسەكە بە تەواوی بگرێتەوە. دانیشتووانی ناوچەكە بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە بۆ یارمەتیدانی برینداران، پێش گەیشتنی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كە چوار ئۆتۆمبێلیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە ناردبوو، بەڵام كاتێك گەیشتن درەنگ ببوو، چونكە پاسەكە بە تەواوی ببووە خۆڵەمێش.

هەروەها ئاماژەیان بەوەش دا، ئەو 12 كەسەی ڕزگاریان بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حكوومی لە كۆرنواڵ.

لەلایەن خۆیەوە، پۆلیس ڕایگەیاند، هەردوو شۆفێری پاسەكە دەستبەجێ دوای ڕووداوەكە لە شوێنەكە هەڵاتوون و دەسەڵاتداران هەڵمەتێكیان بۆ دۆزینەوەیان دەستپێكردووە و دۆسیەی یاساییش لە دژیان تۆمار كراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود