رۆژنامه‌ى ئێندپێندنتى عه‌ره‌بى له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات، له رێگه‌ى ناردنى مارك ساڤایا وه‌ك نێرده‌ى تایبه‌ت بۆ كاروبارى عێراق، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات دووباره پێناسه‌ى پێوه‌ندیى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق بكاته‌وه، له كاتێكدا سوودانى چاوه‌ڕوانى پاداشتى له ئه‌مه‌ریكا ده‌كرد، كه‌چى تره‌مپ ساڤایاى بۆ نارد، ئه‌مه‌یش ده‌ریده‌خات كه هێشتا واشنتن عێراق وه‌ك گۆڕه‌پانێكى ململانێ ده‌زانێ نه‌ك هاوپه‌یمانێكى ستراتیجى.
رۆژنامه‌ى
ئێندپێندنت له راپۆرتێكى درێژى شرۆڤه‌كارى، باس له دانانى مارك ساڤایا ده‌كات وه‌ك نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا، ناونیشانى راپۆرته‌كه ئه‌وه‌یه، "واشنتن له رێگه‌ى نێرده‌ى تایبه‌ت پێناسه‌ى پێوه‌ندیى خۆى له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات". له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، له چه‌ند مانگى رابردوودا حكوومه‌تى عێراق و سوودانى چاوه‌ڕوانى پاداشتێكى دیپلۆماسی‌یان ده‌كرد له ئه‌مه‌ریكاوه پێیان بدرێت، چونكه ئه‌وان هه‌وڵیان دا بوو بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ گۆڕه‌پانى عێراق ئارام بكه‌نه‌وه.
كه‌چى له هه‌نگاوێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو، حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا راى گه‌یاند سه‌رمایه‌دارێك و بازرگانێكى حه‌شیش كه ره‌چه‌ڵه‌كێكى عێراقى هه‌یه، ده‌كرێته نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، ئه‌مه له كاتێكدا حكوومه‌ته‌كه‌ى به‌غدا چاوه‌ڕوانى ده‌كرد دواى ئیلینا رۆمانۆسكى، ئه‌مه‌ریكا باڵوێزێك دابمه‌زرێنێ. رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت باس له‌وه‌یش ده‌كات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ى ئه‌مه‌ریكا ماناى ئه‌وه‌یه هێشتا واشنتن وه‌ك گۆڕه‌پانێك بۆ تاقیكردنه‌وه سه‌یرى عێراق ده‌كات نه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سه‌قامگیر، به‌تایبه‌تیش كه ده‌زانرێت هه‌ر رۆژێك دواى ساڤایا، ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندیى به سوودانى كردووه، داواى چه‌كدانانى میلیشیاكانى لێ كردووه، ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش به "ته‌له‌فۆنى چه‌كدانان" ده‌ناسرێت، كه راگه‌یه‌نراوی فه‌رمیى حكوومه‌تى عێراق خۆى له باسكردنى به دوور گرتووه. كه‌چى راگه‌یه‌نراوى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا به راشكاوى باسى كردووه.
هاوكات چه‌ند سه‌عاتێك دواى دانانى مارك ساڤایا كلدانى، وێنه‌یه‌ك له میدیاكان بڵاو كرایه‌وه تێیدا ساڤایا و سوودانى به‌یه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌ون. ده‌گوترێت ئه‌مه له كاتێكدایه كه ساڤایا هه‌وڵى ئازادكردنى كچه توێژه‌ره ئیسرائیلییه‌كه‌ى له عێراق داوه، به‌ڵام تا ئێسته حكوومه‌تى عێراق له‌و وێنه‌یه بێده‌نگه و هیچ سه‌رنجێكى بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه، رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت ده‌ڵێ، "ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ى حاڵه‌تى چاوه‌ڕوانكردن و سڵكردنه‌وه‌ى عێراقه به‌رانبه‌ر سروشتى ئه‌و رۆڵه‌ى كه نێرده نوێیه‌كه له عێراق ده‌گێڕێت".
ئێندپێندنت باس له‌وه ده‌كات له رووى مێژووییه‌وه ئه‌مه‌ریكا سێ جار نێرده‌ى تایبه‌تى بۆ عێراق داناوه، یه‌كه‌میان پۆل برێمه‌ر بوو كه فه‌رمانڕه‌واى مه‌ده‌نى بوو له عێراق. ئه‌مه چه‌ند مانگێك دواى كه‌وتنى رژێمى سه‌دام بوو له 2003. دواى ئه‌وه له 2015 له كاتى به‌ڕێوه‌چوونى شه‌ڕى داعش، ئه‌مه‌ریكا برێت ماكگۆركى دانا. سێیه‌م جاریش دانانى مارك ساڤایایه. زۆر له چاودێران پێیان وایه ساڤایا له زۆر بابه‌تى هه‌ستیارى سیاسى پشت به ستیڤ ویتكۆف ده‌به‌ستێت.
رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت پێی وایه ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ى سیاسه‌تێكى نوێى ئه‌مه‌ریكایه كه دیپلۆماسیى گوشارى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان به‌كار ده‌هێنێ له‌برى سوپا، واته به‌كارهێنانى سامان و پڕۆژه له‌برى ئاماده‌بوونى سه‌ربازى راسته‌وخۆ. له كاتێكدا هه‌ندێك دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه‌ى تره‌مپ وێنه‌یه‌كى زه‌قه له بێڕێزى به‌رانبه‌ر عێراق، هه‌ندێك له چاودێرانى سیاسى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، له مێژووى ئه‌مه‌ریكا ناردنى كه‌سى تایبه‌ت بۆ ئه‌ركه‌كان هه‌بووه.
له‌وانه حه‌مید حه‌بیب پسپۆڕ له زانسته سیاسییه‌كان بۆ رۆژنامه‌ى ئێندپێندنت ده‌ڵێ، "ناردنى نێرده تایبه‌ته‌كان وێنه‌یه‌كى نوێ نییه له سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام زۆر كه‌م به‌كار ده‌هێنرێت، سه‌رۆك تره‌مپ له چه‌ندان دۆسیه‌ى هه‌ستیار له سووریا و لبنان پشتى پێ به‌ستووه". حه‌مید دووپاتیشى ده‌كاته‌وه نێرده‌ى تایبه‌ت رۆڵى باڵوێز ره‌ت ناكاته‌وه و به‌سه‌رى باز نادات، چونكه باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا به‌رده‌وامه له كاره‌كانى، به‌ڵام نێرده‌ى تایبه‌ت ئه‌ركى زیاتر هه‌ستیاره و له ده‌ره‌وه‌ى بیرۆكراتیى ئاسایى كار ده‌كات، چونكه له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا خۆیه‌وه راسپێردراوه".