به‌گوێره‌ی ئاگربه‌سته 20 خاڵییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، ده‌بێت هێزێكی ئاشتیپارێزی پێنج هه‌زار كه‌سی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه ته‌ناهییه‌كه‌ی غه‌زه پێك بهێنرێت. به‌ڵام ئیسرائیل رای گه‌یاندووه به هیچ جۆرێك نابێت توركیا به‌شێك بێت له‌و هێزه.
ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێشتر دووپاتی كردبووه‌وه، مافی ئیسرائیله ره‌گه‌زنامه‌ی به‌شدارانی هێزه‌كه دیاری بكات. ئه‌نكه‌ره ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و گوتی سه‌رباز ده‌نێرم، به‌ڵام ئیسرائیل داواكه‌ی ره‌ت كرده‌وه.
كێشه‌كانی ئیسرائیل و توركیا له سووریا قووڵ بوونه‌ته‌وه، ئیسرائیلیش پێی وایه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، له بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان موسلمین و حه‌ماسیش نزیكه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش دوورخستنه‌وه‌ی توركیا بابه‌تێكی پڕ مشتومڕه، چونكه ئه‌ردۆغان له ته‌نیشت تره‌مپ ئاگربه‌ستی غه‌زه‌ی واژوو كرد و هاوكات توركیا یه‌كێكه له ده‌وڵه‌ته مسوڵمانه به‌هێزه‌كان.
ئێسته بڕیار وایه میسر سه‌ركردایه‌تیی هێزه‌كه بكات.
وڵاتانی تری وه‌ك ئه‌نده‌نووسیا و ئیماراتیش به‌شدار ده‌بن، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزه‌كه ده‌ربچێت. واشنتن له جیاتی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش شانه‌یه‌كی سه‌ربازی دروست كردووه به ناوی ناوه‌ندی هاوئاهه‌نگیی مه‌ده‌نی-سه‌ربازی و له باشووری ئیسرائیل جێگیری بكات. شانه‌كه ئه‌م سێشه‌مه‌یه به ئاماده‌بوونی چه‌ند راوێژكارێكی به‌ریتانی و فڕه‌نسی و ئوردنی و ئیماراتی، به سه‌رپه‌رشتیی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كرایه‌وه.
هێزه‌كه له چه‌كداماڵینی حه‌ماس و هه‌روه‌ها مسۆگه‌ركردنی حكوومه‌تێكی راگوزه‌ری فه‌له‌ستینی به‌رپرسیار ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م پرسه هێشتا مشتومڕی له‌سه‌ره. بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت، نابێت ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی (فه‌تح) له قۆناغی دوای شه‌ڕی غه‌زه به‌شدار بێت، سه‌رئه‌نجام حزبه فه‌له‌ستینییه‌كان گوتیان لیژنه‌یه‌ك له كه‌سانی ته‌كنۆكرات پێكدێت بۆ ئه‌م پرسه.
گرژییه‌كانی نێوان ئه‌نكه‌ره و ته‌لئه‌بیب به‌رده‌وامن. توركیا تیمێكی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان ره‌وانه‌ی سه‌ر سنووری ئیسرائیل، له میسره‌وه كردووه. به‌ڵام ئیسرائیل هێشتا رێگه‌ی نه‌داوه بچنه غه‌زه‌وه.
ئه‌م هه‌ینییه ئه‌ردۆغان رای گه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا فشار ده‌خاته سه‌ر ئیسرائیل تا به پلانه‌كه‌ی تره‌مپ پابه‌ند بێت، له‌م رووه‌وه له‌وانه‌یه گه‌مارۆی چه‌كی به‌سه‌ر بسه‌پێنێت.
هاوكات رۆبیۆ رای گه‌یاند كه ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاری مرۆیی له فه‌له‌ستین ناسراو به ئۆنروا، نابێت بێته‌وه غه‌زه، چونكه ده‌ركه‌وتووه "لقێكی حه‌ماسه."
ئه‌م لێدوانه دژی هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تییه كه رایان گه‌یاندووه، ئۆنروا هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی نییه و هه‌ر ده‌بێت ئه‌و هاوكاریی مرۆیی له غه‌زه دابه‌ش بكات.
ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ده‌ڵێن نابێت ئۆنروا بێته‌وه غه‌زه، به‌ڵام له پلانه‌كه‌ی تره‌مپدا هاتووه، ده‌بێت نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاوكاریی مرۆیی دابه‌ش بكات، له كاتێكدا ئۆنروا تاكه ئاژانسی پێوه‌ندیداره.
به‌گوێره‌ی پلانه‌كه‌ی تره‌مپ، ده‌بێت رۆژانه 600 بارهه‌ڵگری هاوكاریی مرۆیی بچنه ناو غه‌زه‌وه، به‌ڵام له‌و كاته‌وه تێكڕای هاتنه‌ژووره‌وه‌ی بارهه‌ڵگره‌كان 89 دانه بووه له رۆژێكدا.
حه‌ماس له گفتوگۆكانی میسره‌وه رای گه‌یاندووه، ئاماده‌یه ده‌سه‌ڵاتی غه‌زه راده‌ستی لیژنه‌یه‌ك له ته‌كنۆكرات بكات كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ "برا عه‌ره‌ب و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان" به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن.