سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوێنێ شه‌و به‌ره‌و ئاسیا به‌ڕێ كه‌وت. به‌ر له فڕینی فڕۆكه‌كه‌ی به رۆژنامه‌وانه‌كانی گوت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین كۆ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌وانه‌یه چاوی به سه‌رۆكی كۆریای باكوریش بكه‌وێت.
دۆناڵد تره‌مپ له گه‌شتێكی پێنج رۆژه‌دایه، سه‌ردانی مالیزیا و ژاپۆن و كۆریای باشوور ده‌كات. له كۆتایی رۆژی گه‌شته‌كه‌یدا چاوی به شی جین پینگ سه‌رۆكی كۆماری میلیی چین ده‌كه‌وێت، مه‌به‌ستیش له دیداره‌كه دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكه بۆ جه‌نگی ئابووریی نێوان دوو زلهێزه ئابوورییه‌كه‌ی دنیا.
له‌باره‌ی دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆریای باكور، تره‌مپ گوتی كه "حه‌ز ده‌كه‌م بیبینم. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت رای من بزانی، ئاماده‌م بۆ كۆبوونه‌وه، پێوه‌ندییه‌كی زۆرباشم له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه."
له‌باره‌ی پێشمه‌رجی كۆریای باكور بۆ ناساندنی وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن چه‌كی ناوه‌كی، تره‌مپ رای گه‌یاند، "پێم وایه به جۆرێك له جۆره‌كان وڵاته‌كه هێزێكی ناوه‌كییه، چه‌كی زۆری ناوه‌كییان هه‌یه."
كیمیش ده‌یه‌وێت تره‌مپ ببینێت ئه‌گه‌ر واشنتن داواكاریی ده‌ستهه‌ڵگرتن له چه‌كی ناوه‌كیی بكشێنێته‌وه.
كه‌ناڵی سی ئێن ئێن ئه‌م هه‌ینییه بڵاوی كرده‌وه، ره‌نگه له كۆریای باشوور تره‌مپ و كیم چاویان به یه‌ك بكه‌وێت.